Abdullah Shukur
10 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ واژووی لەسەر مەرسومێکی سەرۆکایەتی کرد کە تیایدا رێگا بە پێدانی مافی پەنابەرییەتی بەو کەسانە نادات کە بە شێوەی نایاسایی گەیشتوونەتە ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ بەر لە سەردانەکەی بۆ پاریس، واژووی لەسەر مەرسومێکی سەرۆکایەتی کرد و بەمەش رەھەندێکی نوێی خستەسەر مشتومڕەکانی ئەو کاروانەی کۆچبەران کە لە ئەمریکای لاتینەوە بەرەو ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوتوون.
ئامانج لەم مەرسومە ئەوەیە رێگری لە پێدانی مافی پەنابەرییەتی ئەو کەسانە بگیرێت کە لە دەرەوەی خاڵەکانی پشکنین لەسەر سنووری ئەمریکا ھاتوونەتە نێو ویلایەتە یەکگرتووەکان.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە رێگە بە ھاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نێو وڵاتەکەی نادات و گوتیشی: "ھاوشانی ھێزەکانی پشکنینی سنوور و ھێزەکانی پارێزگاری گومرک، زیاتر لە ١٠ تا ١٥ ھەزار سەرباز رەوانەی سەر سنوور دەکەین. ھیچ کەسێک لە سنوورەکانەوە نایەتە ژوورەوە. رێگە بە ھاتنی ئەو کەسانە نادەین".