Ramal Mahmood
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2016
نیویۆرک - AA
بەپێی راپرسییەک، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٨ی تشرینی دووەم، پاڵێوراوی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە دوو خاڵ بەپێش پاڵێوراوی دیموکراتەکان وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن کەوتۆتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن بۆ پۆستی ٤٥مین سەرۆکی ئەمریکا لە خولی ٥٨ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و کەناڵەکانی راگەیاندن بەردەوامن لە راپرسییەکانیان لەم بارەیەوە.
لە ئەنجامی راپرسییەکی CNN/ORC رێژەی لەسەدا ٤٥ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەداوە کە دەنگ بە ترەمپ دەدەن. لە سەدا ٤٣ی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە کە دەنگ بە کلینتۆن دەدەن. لەسەدا حەوتی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەداوە کە دەنگ بە پاڵێوراوی پارتی ئازادیخواز، گاری جۆنسۆن و لە سەدا دووی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە کە دەنگ بە پاڵێوراوی پارتی سەوز، جیل شتەین دەدەن.
لەراپرسی مانگی ئابی CNN/ORC کلینتۆن بە هەشت خاڵ لەپێش ترەمپ بوو.
لە راپرسییەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لەسەدا ٤٩ی ئەوانەی خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، پشتگیری ترەمپ دەکەن و لە سەدا ٢٠یان پشتگیری کلینتۆن دەکەن و لە سەدا ١٦یان بە پشتگیری جۆنسۆن دەکەن و لەسەدا شەشیان پشتگیری خۆیان بۆ شتەین دەربڕیووە.
لەسەدا ٩٢ی دیموکراتەکان پشتگیری خۆیان بۆ کلینتۆن دەربڕیووە، لەسەدا ٩٠ی دیموکراتییەکانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە پاڵپشتی ترەمپ دەکەن. ئەم راپرسییە لە رۆژانی ١-٤ی ئەیلوول لە سەرانسەری ئەمریکا ئەنجامدراوە و هەزار هاووڵاتیی بەشداریان تێدا کردووە.
رووبەڕووبوونەوەی تەلەڤیزیۆنی هەردوو پاڵێوراو، لە ٢٦ی ئەم مانگە لە زانکۆی هۆفسترا لە نیویۆرک بەڕێوە دەچێت.