Nazlı Yüzbaşıoğlu,Hemın Othman Mohammed
07 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به توندی ئیدانه‌ی په‌سه‌ندكردنی بونیادنانی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی نوێی كرد له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له كه‌رتی خۆرئاوا.
له راگه‌یاندراوێكدا كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه كه ئیسرائیل له ناوچه نیشته‌جێبوونه نایاساییه‌كانی كه‌رتی خۆرئاوا كه له ١٩٦٧ه‌وه داگیریكردووه، ره‌زامه‌ندی نیشانداوه له‌سه‌ر دروستكردنی زیاد له دوو هه‌زار و ٣٠٠ یه‌كه‌ی نوێ، به‌مه‌ش به‌رده‌وامه له‌سه‌ر زه‌وتكردنی مافی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین.
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه: ''به تووندی ئیدانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته ناشه‌رعییه‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌ین. ئیسرائیل به سیاسه‌تی فراوانكردنی ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونی نایاسایی به ئاشكرا و بێ شه‌رمانه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئیسرائیل ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه ئامانج لێی له‌باربردنی دیدی چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت و درێژه‌دانه به داگیركاری، هه‌روه‌ها دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌میشه له پاڵ گه‌لی فه‌ڵه‌ستینی برا و دۆزی ره‌وای فه‌ڵه‌ستین دا ده‌بین''.