دکتۆر ئومێد مورات شاهینەر پسپۆر لە نەخۆشیەکانی منداڵاندا لە نەخۆشخانەی ئەمەلی قایسەری رایدەگەیەنێ, پاکوخاوێنی زیاد لەپێویست مەترسی توwشبوونی منداڵان بە نەخۆشی هەستیاری زیاتر دەکا.
شاهینەر لە لێدوانێکیدا بۆ AA رایگەیاند, پاراستنی منداڵان زیاد لەپێویست و هەوڵدان بۆ خاوێن راگرتنی زیاد لەپێویست منداڵان تووشی نەخۆشی هەستیاری دەکا.
شاهینەر گوتی: راستە پاراستنی مناڵ لە شوێنێکی زۆر پاکوخاوێندا منداڵان لە نەخۆشی میکرۆبی دەپارێزێ، بەڵام دورکەوتنەوە لە مایکرۆئۆرگانیزمەکانیش سیستەمی بەرگری لەش کەم دەکاتەوە و کاریگەری خراپ دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەش، هەستیاری زۆر و زیاد لەپێویست پاراستنیان زیان بەمنداڵان دەگەیەنێ، دەبینین مناڵانی گوندەکان کەمتر تووشی نەخۆشی هەستیاری دەبنە، چونکە ئەوان هەر لەتەمەنێکی بچوکەوە لەگەڵ ژینگەی میکرۆبیکدا مامەڵە دەکەن و تێکەڵ بە مایکرۆ ئۆرگانیزمەکان دەبن.
شاهینەر زیاتر باسی لە نەخۆشی هەستیاری لە منداڵاندا کرد و گوتی: کاتێک منداڵان تۆزێک گەورە دەبن، بەردەوام کۆکە و قرخەی سنگیان لەگەڵدایە، کاتێک ئەمە بەردەوام بوو پێی دەڵێن رەبۆ ،کاتێک زیاتر گەورەبوون، لەبەهاراندا تووشی پژمەی زۆر دەبن و پێی دەڵێن هەستیاری، ئیتر ئەمە هەتاهەتایە بەشێوەی جیاواز رووبەڕووی ئەو نەخۆشیە دەبنەوە. هەڵبەت ئەمە هەمووی پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، ئەگەر منداڵ تووشی هەڵامەت بوو، دواتر دەستی کرد بە کۆکە و پاشان لەگەڵ کۆکەکەدا قرخەی لەگەڵدا بوو، پاشان تەماشا بکەن کە لەناو خێزانەکەدا کەس هەبوو تووشی نەخۆشی رەبۆ بوو بوو ئەوا دەبێ گومانمان لە رەبۆ هەبێ، بەڵام ئەگەر منداڵەکە بەهۆی بۆنکردنی تایت، یان کاتێک زۆر پێکەنی یان دوای راکردنێکی زۆر، کۆکەی یەک لەدوای یەکی هەبوو، پاشان بۆری هەناسەی تەنگ بوو ئەوا بەمە دە'وترێ نەخۆشیی هەستیاری.