ئەنقەرە
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا لە روونکردنەوەیەکدا کە بڵاویان کردووەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ گواستنەوەی ئەو سەربازانە بووە کە لە نێو نزارگەی سلێمان شا بوون لە گوندی قەرەقۆز لە نزیک حەڵەب کە بۆ ناوچەیەکی تر گوازراونەتەوە.
هەر لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێودەوڵەتیدا و بەمەبەستی پاراستنی بەها گرنگەکانمان لە بنکەی سلێمان شا کە هاوکات بە خاکی تورکیا دەزانرێت، لەم دۆخە نائارامەی ئێستای سووریادا، بۆ پاراستنی مافی خۆمان، سەربازانمان بەشێوەیەکی کاتی گواستراونەتەوە بۆ گوندی ئەشمەسی لە سووریا، لە پاش خۆیان هیچ ئەمانەتێکی گرانبەهایان بەجێ نەهێشتووە. لەلایەن یەکەکانی تایبەتەوە ،کۆنترۆڵی چۆنیەتی گواستنەوەی تەرمی نێو جێ نزرگەکەیان کردووە. لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی شا فوراتدا هیچ شەڕ و پێکدادانێک رووی نەداوە و تەنیا لەکاتی گواستنەوەدا بەهۆی رووداوێکەوە، کارمەندێکمان شەهید بووە".