Mazın Asad
28 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوە چوو و ماوەی ٣ کاتژمێر و ٣٠ خولەکی خایاند.
دوای کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە "سوپای تورکیا 'ئەرکی چاودێری' لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەبات، ھاوکات لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە لە رۆژئاوای حەلەب و نزیک عەفرین، ژینگەی ئاسوودەیی و ئاسایش زیاتر بەرجەستە دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتووە: "ھەوڵەکانی پەیەدە/پەکەکە-یەپەگە بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای خاکی سووریا و ھەوڵەکان بۆ پاکتاوی نەتەوەیی و فراوانکردنی خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، دژی یاساکانی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤە و بەم پێیەش جێگەی قبوڵکردن نییە. تورکیا بەمەبەستی ئاسایشی خۆی بەتایبەتی سنوورەکانی وڵات، ھەموو رێوشوێنک دەگرێتەبەر".
لەبارەی ئابرۆچوونەکەی ناتۆ لەمیانی مانۆڕەکەی لە نەوریج، لە بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیادا هاتووە: "ئەم جۆرە رووداوانە زیان بە بنەمای ھەماھەنگی ھاوپەیمانێتی ناتۆ دەگەیەنێت و چاوەڕێی فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکان لە بەرپرسانی نەرویج و ناتۆ دەکەین کە بەرپرسیاران لە خوارەوە بۆ سەرەوە بگرێتەوە. پێویستە رێگە بەو لایەنانە نەدرێت کە ناتۆ وەک ئامرازێک بۆ خۆیان بەکاردەھێنن. ئاماژە بەوەش کراوە پێشھاتەکان بەم ئاراستەیە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت. جارێکی دیکە جەخت لەسەر قبووڵنەکردنی ھەڵوێستی دوژمنانە بەرامبەر بە دامەزرێنەری کۆماری تورکیا غازی موستەفا کەماڵ ئەتاتورک و نوێنەری گەل و دەوڵەتی تورکیا سەرکۆمار (رەجەب تەیب ئەردۆغان) کراوەتەوە".