Önder Altınal
31 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2018
وان - AA
لە ٣یەمین پێشبرکێی "جوانترین پشیلەی وان" کە لەلایەن زانکۆی وان یوزینجییڵ و، بهھاوکاری گەورە شارەوانی ئەو پارێزگایە رێکخرابوو، لەسەر بڕیاری داوەران جوانترین پشیلەی پێشبرکێکە ھەڵبژێردرا.
پشیلەکانی وان کە بە چاوێک زەرد و بە چاوێکی شین ناسراون، بوونە جێگەی سەرنجی خەڵکان و گەشتیارانی ئێرانی کە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز سەردانی تورکیایان کردووە.
پێش بڕیاری داوەران بۆ ھەڵبژاردنی جوانترین پشیلە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پشیلەی وان لە زانکۆی وان یوزینجییڵ، عەبدوڵا کایا رایگەیاند کە گشت پشیلەکانی وان جوانیەکی تایبەت بەخۆیان ھەیە.
کایا گوتی: "ئەمساڵ ٣یەمین پێشبرکێی ھەڵبژاردنی جوانترین پشیلەی وان رێکخرا، ئامانجی ئێمەش ھۆشیارکردنەوەی خەڵکە لەبارەی پشیلەی وان و زیادکردنی خۆشەویستی مرۆڤە بۆ ئاژەڵ، لە کاتێکدا کە پشیلەی ناشرین لە واندا بوونی نییە".
کایا راشیگەیاند کە خەڵاتی جیاوازی زێر پێشکەش بە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی پێشبرکێکە دەکرێ.
لە دوای ئەوەی یەک بە یەک پشیلەکان ھێنرانە سەر ستەیج، داوەرانی پێشبرکێکە دەنگی خۆیان دا و بە ٩٢ خاڵ پشیلەیەک بە ناوی "سێزەر" بە یەکەم دەرچوو.
خاوەنی ئەو پشیلەیە كه هاووڵاتیهك بوو به ناوی یاسەمین ئۆزدەمیر، رایگەیاند کە ئەو پشیلەکەی خۆی لە شەقامەکان دۆزیوەتەوە و بەخێوی کردووە. گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە ئەم پێشبرکێیە سەرنجی خەڵکی راکێشاوە. لێرەوە بانگھێشتی ئەو کەسانە دەکەم کە ئاژەڵانیان خۆش دەوێ. پێنج مانگە لەگەڵ سێزەر دەژیم و دەتوانم بڵێم ژیانم گۆڕاوە. تکایە پشیلەکان مەکڕن بەڵکو ببن بە خاوەنیان".