Ramal Mahmood
12 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە – AA
وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا، بولەنت توفەنکچی: "هەرچۆنێک و لە ژێر هەر ناسنامەیەک سەیری بکەن، ئەمە بەهیچ جۆریک گۆڕینی رژێم نییە. سیستەمەکەی بەڕاشکاوی پێناسە کردووە کە کۆمارییە. پرەنسیپە فەلسەفییەکانی دیاری کردووە. هیچ گۆڕانکارییەک لەمبارەیەوە لە گۆڕێ نییە. ئەوەی هەیە گۆڕانکارییەکی پەیوەندیدارە بەسیستەمی بەڕێوەبردن. ئێمە مژارێکمان نییە بۆ گۆڕینی رژێم و بەنیازی ئەوە نیین".
وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا، بولەنت توفەنکچی بوو بەمیوانی دیسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکان بۆ داوای گۆڕانکاری لە دەستوور کە سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار لە خۆدەگرێت، ئاماژەی بەوە دا کە پەرلەمان دوێنێ تاکو ئەمڕۆ بەیانی لە هەوڵەکانی بەردەوام بووە بەڵام هەندێک رووداوی نەخوازراو روویانداوە و، گوتی: "ستراتیجییەتی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن جەهەپە بەو هەڵوێستە نالۆجیکە و بەردەوام درووستکردنی بارگرژییە، بەهەڵسوکەوتی ورووژێنەر و سووکایەتی پێکردن دەستیپێکرد. فراکسیۆنی پارتەکانی دیکە بەشێوەیەکی تێگەیشتوو و روحیەتی دیموکراسی و پابەندبوون بەسیستەمی پەرلەمان مامەڵەیان کرد".
توفەنکچی ئاماژەی بەوە دا پەرلەمانتارانی جەهەپە بەشێوەیەکی رێکخراو لەکاتی کۆبوونەوە لەسەر مادەی پێنجەم دەورووبەری کورسییەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان داگیر کرد و دۆخێکیان سەپاند بۆ رێگەگرتن لە کۆبوونەوە و دەنگدان لەسەر ئەم مادەیە. لەکاتی دوورخستنەوەی پەرلەمانتارانیان لە کورسییەکان بەریەککەوتن روویدا.
توفەنکچی ئاماژەی بەوە دا کە گەل لە گۆڕانی داواکاری دەستوودا دوا قسەی خۆی دەکات و، گوتی: "ئەگەر دوا قسە گەل بیکات، پێویستە رێز لە ئیرادەی گەل بگیردرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لەوە تێناگەن ئامانجی جەهەپە چییە، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە لەبارەی گۆڕانکاری دەستوورەوە ئیرادەی هەموو لایەک دیارە، رایشیگەیاند لە ئاکامی رێککەوتننامەی هاوبەش لەگەڵ مەهەپە ئەم داوایەیان بردووەتە پەرلەمان.
توفەنکچی ئەو رەخنانەی بەڕاست نەزانی کە ئاراستەی گۆڕانکاری لە دەستوور دەکرێت لەبارەی سیستەمی سەرکۆماری و، گوتی: "هەرچۆنێک و لە ژێر هەر ناسنامەیەک سەیری بکەن، ئەمە بەهیچ جۆریک گۆڕینی رژێم نییە. سیستەمەکەی بەراشکاوی پێناسە کردووە کە کۆمارییە. پرەنسیپە فەلسەفییەکانی دیاری کردووە.هیچ گۆڕانکارییەک لەمبارەیەوە لە گۆڕێ نییە. ئەوەی هەیە گۆڕانکارییەکی پەیوەندیدارە بەسیستەمی بەڕێوەبردن. ئێمە مژارێکمان نییە بۆ گۆڕینی رژێم و بەنیازی ئەوە نیین".
لە کاتی بەبیرهێنانەوەی گوتەیەکی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی کە ئاماژەی بەوە دابوو ئەگەر داوای گۆڕانکاری دەستوور لە پەرلەمان تێنەپەڕی ئەوا پێویستە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان بکرێتەوە. توفەنکچی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا جەهەپە هەر لە سەرەتاوە ستراتیجیەتی بارگرژی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان گرتووەتە بەر، کۆمەڵگا لەم خاڵەدا ناچێتە ناو ئەو یارییە.
ناوبراو تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا وڵاتێکی دیموکراتی پەرەسەندووە و خەڵک دەنگی خۆی لەسەر سندوق بەکار دەهێنێت و، گوتی: "دەچێت دەنگی خۆی لەسەر سندوق بەکار دەهێنێت. قسەی خۆی لەسەر سندوق دەکات. ئەمە هەوڵێکی بێهودەیە. ئێمە هیوادارین ئەم داوایە لە پەرلەمان تێپەڕێت. راستییەکەی دوای بینینی ئەو دیمەنە لە پەرلەمان نیگەرانی تێنەپەڕینی ئەو داوایەمان نەما".