یۆزگات
جێگری سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشە پێدان نومان قورتوڵموش گوتی: "پێشتر لە تورکیا دەوڵەتێک ھەبوو کە لە ناسنامەی خۆی، پیاوانی ئاینی، عەلەوی، کورد و کەمینەکانی دیکە دەترسا، ئەوە شتێکی روونە ئەوەی زوڵم بکات دەترسێ، دەوڵەتی تورکیایش خۆی دەیزانی زوڵمی کردووە بۆیە دەترسا."
جێگری سەرۆکی ئاکەپە لە میانی کۆبوونەوەیەکی پارتەکەی لە شاری یۆزگات قسەی بۆ بەشداران کردو گوتی: "تورکیا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، سوپاس بۆ خوا توانیومان ئازادی سەرپۆش بۆ خۆشکانی خۆمان بە تایبەتی ئەوانەی کە کارمەندی دەوڵەتن بە دەست بخەین".
نومان قورتوڵموش باسی کوشتنی (حامید فەندۆغڵو، ھرانت دینک، بەحریە ئۆچۆک و معەمەر ئاکسۆ)ی کرد و گوتی: "چەندین مردنی گۆماناوی لە تورکیا ھەن، چەند کەسی ناسراو بە شێوەیەکی گۆماناوی کوژراون، تورگۆت ئۆزاڵ ژەھراوی کرا یا بە مەرگی ئاسایی کوچی دوایی کرد؟ ھێشتاکە راستییەکان ئاشکرا نەکراون. کەوتنی کۆپتەری ھاوڕێی خۆشتەویستمان موحسێن یازیجیئۆغڵو ئایا کۆپتەرەکەی کەوتە خوارەوە یا خرایە خوارەوە؟ ئەوانە و مردنی چەندین کەسی دیکەی ناسراو ھێشتا گۆمانیان لە سەرە و ئەو رووداوانە ھەموویان لە تورکیای رابردوو ئەنجام دراون، لە رۆژھەڵاتی رووباری فوراتیش زیاتر لە ١٠ ھەزار رووداوی بکەر نادیار ھەن، ئەوانە ھەموویان بەرھەمی تورکیای پێشوون."
نومان قورتوڵموش گوتی:" لە تورکیای پێشوو دەوڵەت لە منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵانی سەرپۆش بەسەر دەترسا، لە ھاووڵاتییە کوردەکانمان و لە بەناو کردنی منداڵە کوردەکان دەترسا، دەوڵەت دەترسا کە ھاووڵاتییە کوردەکان ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بکەن، دەوڵەت بۆ ئەوەی ترسی خۆی بشارێتەوە، لیستێکی دابووە کارمەندانی رەگەزنامە و بە ھاووڵاتییەکانیشی راگەیاندبوو تەنیا دەبێ ئەو ناوانە بەکار بێنن، ئەگەر ئەو ناوانەتان بە دڵ نییە بۆتان نییە ناو لە منداڵەکانتان بنێن."
قورتوڵموش زیاتر گوتی: "دەوڵەت لە تورکیای پێشوو لە ھەر کەس لە عەلەوییەکان، لە کەمینە ئاینی، پیاوانی ئاینی و لە رۆمەکان دەترسا، دەوڵەت بۆ خۆی زانیبوو کە زڵمی لە خەڵککردووە بۆیە دەترسا چونکە زاڵم ھەمیشە دەترسێ."