سلێمانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەزۆرینەی دەنگ بەشداربووانی پلینیۆمی ی. ن. ک پەسەندیان کرد کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە ساز بکرێ.
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بەبێ بەشداری جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی ئەو حیزبە ساز دەکرێ. لەدوای دامەزراندنی ی.ن.ک لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٦، یەکەمجارە تاڵەبانی لەبڕیارە چارەنووسسازەکانی حیزبەکەیدا بێ بەشە، بۆیە چاودێران دەڵێن: "بێ تاڵەبانی بە تەواوی بە سەرکردایەتی ئەو حیزبەوە دیارە."
پلینیۆمی پێنجەمی ی. ن. ک بەڕووی میدیاکاندا داخراو بوو. کۆبوونەوە دوو سەعاتی خایاندو بەڕاگەیاندنی دەست نیشانکردنی وادەی کۆنگرە دوایی پێ ھێنرا.
لە پلینیۆمدا ئەوەش پەسەند کرا سەرکردایەتی ئێستای ی. ن. ک وەکو خۆی بمێنێتەوە تا بەستنی کۆنگرە.
لەدوای دامەزراندن و تێکەڵکردنەوەی باڵەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان. خەتی گشتی) لەساڵی ١٩٩٢. تا ئێستا ئەو حیزبە سێ کۆنگرەی بەستووە. دواترین کۆنگرەی لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٠ بەست ئەویش لەدوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو کە بەشی زۆری سەرکردایەتی بزووتنەوەکە پێشتر بەرپرسیارێتیان ھەبوو لەناو ی. ن. ک.