بەغدا
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی ئاشکرای کرد، ئۆتۆمبیلێکی مینڕێژ کەژاوەی سەرۆکی پەرلەمانی لە باشوری موسڵ کردۆتە ئامانج، بەڵام نوجێفی لە ھەوڵی کوشتنەکە رزگاری بووە لەبەرئەوەی لە کەژاوەکەدا نەبووە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد، شەش لە پاشەوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان بریندار بوون کە یەکێکیان پلەی نەقیبی ھەیە، سێ لە ئۆتۆمبێلەکانی کەژاوەکەیش تێک شکاون.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا رووداوەکە لەو کاتەدا بووە کەژاوەکە عەسری ئەمڕۆ لە بەغدای پایتەختەوە بەرەو موسڵ چووە.
ئەوەشی گوت نوجێفی ئێستا لەنێو عێراق نیە و لەبەر ھەلومەرجێکی تایبەت لە ئوردنە.