ئاژانسی دەنگوباسی ئاسیۆشێتد پرێس، سەبارەت بە پەیامەکەی ئەردۆغان نووسیویەتی: تائێستا هیچ دڵدانەوەیەک هاوشێوەی ئەوەی ئەردۆغان نەبووە بۆ ئەرمەنەکان.
واشنتۆن پۆست لە چاپی ئەمڕیدا نووسیویەتی: "ساڵانێکە رووداوەکانی ١٩١٥ لە تورکیا بە کەمی باسی لێوەکراوە، بۆیە پەیامەکەی ئەردۆغان جێی گرنگی پێدانە. پەیامەکەی ئەردۆغان بە نۆ زمان نووسراوەتەوە لە ناویاندا زمانی ئەرمەنیش ھەیە و زمانێکی سادەی بەکارھێناوە. ئەو پەیامە پێشتر زۆر بیری لێکراوەتەوە ئینجا دارێژراوەتەوە."
هەروەها هاتووە: "نووسینەکەی ئەردۆغان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەرمەنەکان و تورکیا، ھەنگاوێکی گرنگبوو، دەرگای بۆ گفتوگۆ لەسەر رووداوێکی تراژیدی دەکاتەوە. ئەردۆغان خەریکی بەھێزکردنی پەیوەندیە لەگەڵ کەمینەکان، بەڵام بە بۆچوونی ھەندێک کەس، کەموکوڕی لە نووسینەکەیدا بەدی دەکرێ."
رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز، لە مانشێتی ئەمڕۆیدا نووسیویەتی: "سەرکردەی تورک پرسەو سەرەخۆشی بۆ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان نارد."
لە ناوەرۆکی ھەواڵەکەدا بە ستایشەوە باس لە نووسینەکەی ئەردۆغان دەکرێ کە پێیانوایە شێوازی دانوستانکاری تێدایە، بۆیە پێویستە دەستخۆشی لە ئەکادیمیای تورکیا بکرێ. ھەروەھا سەرکردەی ئەرمەنەکان رەخنەی لەو نووسینە گرتووە.
ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز سەربارەت بە پەیامەکەی ئەردۆغان نووسیویەتی: "ئەردۆغان گوتوویەتی رووداوەکانی ١٩١٥ نامرۆڤانە بوو."