ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "كاتی ئۆپەراسیۆنەكە هەتا دواساتەكان نهێنی بوو، ئێوارەی دوێنێ سەعات 21:00 دوو ئۆپەراسیۆن لە ھەمان كاتدا دەستی پێ كرد".
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە داودئۆغڵو گوتی: "ھێزەكانی سەربازی بە شەڕەفی توركیا ئۆپەڕاسیۆنێكی دیكەی سەربازییان بە سەركەوتوویی ئەنجام دا. مەزارگەی سولەیمان شا تاكە شوێنەواری توركیایە كە لە دەرەوەی خاكی توركیا بێت. ئەو مەزارگەیە كەوتووەتە گوندی قەرەقۆزانی سەر بە شاری حەلەب لە سووریا".
داودئۆغڵو سەبارەت بە مەزارگەكە دەڵێت: "سلێمان شا لە كەناری رووباری فورات كۆچی دوایی كرد، تەرمەكەی لە قەڵای جابر نێژرا. لەو كاتەوە ئەو شوێنەوارە بە یەكێك لە پیرۆزییەكانی خەڵكی توركیا دادەنرێت".
بەپێی رێككەوتنی ئەنقەرە كە ساڵی 1921 لە نێوان توركیا و فەڕەنسادا واژۆ كراوە ئەو شوێنەی كە مەزارگەی سلێمان شای تێدا بووە وەكو خاكی توركیا ناسراوە. دواتر لە ساڵی 1939 تەرمەكەی لە قەڵای قبور و جابر گواسترایەوە بۆ شوێنێكی دیكە، دواتریش لە ساڵی 1975 بەھۆی بونیاتنانی بەنداوێك لەو ناوچەیە تەرمی شا گواستراوەتەوە بۆ نزیل گوندی قەرەقۆزان. داودئۆغڵو لەو بارەیەوە گوتی: "پێشووتریش دووجار تەرمەكەی شا سلێمان جێی گۆڕاوە و دواجار ئەو شوێنە پیرۆزە ھێنراوەتەوە نێو خاكی توركیا".
لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆیی سووریا رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی مەزارگەی شا سلێمان گیراوەتە بەر و ژمارەی سەربازانی بارەگای سەربازیی شا سلێمانیش بۆ 38 سەرباز زیاد کرابوو. داودئۆغڵو رایگەیاند بۆ پاراستنی شوێنەكە لە نزیكەوە چاودێری مەزارگەكە كراوە و سەرجەم پێداویستییەكانی ھێزەكانی توركیا لەو ناوچەیە بەبێ كەماسی دابین كراوە.
ئەحمەد داودئۆغڵو سەبارەت بە كات و دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكە گوتی: "ھەفتەی پێشوو بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە دراوە و دواجار سەركۆماری توركیا بڕیارەكەی پەسند كرد و رێنمانی لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنەكە دا. ئیتر ھەموو شتێك ئامادەبوو بەڵام كاتی ئۆپەڕاسیۆنەكە هەتا دواساتەكان بە شاراوەیی بوو، ئێوارەی دوێنێ سەعات 21:00 دوو ئۆپەڕاسیۆن لە ھەمان كاتدا دەستی پێ كرد. یەكەمینیان یەكەكانی سەربازیمان لە دەروازەی مورشیدپنار چوونە نێو خاكی سووریا و دواتر لەوێوە بەرەو گوندی قەرەقۆزان بەڕێكەوتوون. له سهعات 09:02 خولهكدا یهكهیهكی دیكهمان لهگهڵ یهكهیهكی تانك له دهورووبهری ناوچهی ئهشمه چوونه نێو خاكی سووریا و دهستیان بهسهر ناوچە دیاریكراوەكەدا گرتووه هەتا لهم نزیكانهدا بكرێته مهزارگهیهكی نوێ بۆ شا سلێمان و تهرمهكهی بگوازرێتهوه، بۆ ئهو مهبهستهش له سهعات 09:02 خولهكدا ئاڵای وڵاتهكهمانیان تێدا ههڵكردووه".
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو زیاتر گوتی: "هەتا ئەو ساتەوەختە من و سەرۆكی ئەركان، وەزیری بەرگری، سەركردایەتی ھێزەكانی توركیا و سەرجەم ئەفسەرەكانی بەشداربوو لە ئۆپەڕاسیۆنەكە بێ پشوودان چاودێریی ھەنگاوەكانمان كردووە".
بۆ ئۆپەڕاسیۆنەكان 39 تانك، 57 زرێپۆش، 100 ئوتۆمبێل و تیمێكی 572 كەسی رەوانەی سووریا كرا. لە سەعات 12 و نیوی شەو ھێزەكانمان گەیشتوونەتە بارەگای سلێمان شا. دواتر چالاكییەكان بەشێوەیەكی خێرا دەستی پێ كرد، مەڕاسیمێكی ئایینی بۆ گواستنەوەی تەرمی شا سلێمان بەڕێوەچوو دواتر لەوێوە بەرەو مورشیدپنار بەڕێكەوتوون. بۆ رێگەگرتن لە ھەموو حاڵەتێكی رەتاندن سەرەتا ئەمانەتی مەعنەویمان لەو شوێنە ھەڵگرت و پاشماوەكانمان رووخاند. سەعات 04:45 دواسەربازمان ئەو شوێنەی جێ ھێشتووە و بۆ گواستنەوەیەكی دیكە گەڕانەوەی سەربازەكانمان بۆ خاك دەستی پێ كردووە. سەعات 06:03 یەكەیەكی سەربازیمان لە دەرازەی توركیاوە ھاتوونەتە نێو خاكی توركیا. دواتر بەشێكی زۆری ھێزەكانمان بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ نێو خاك تەنیا بەشێك نەبێت ئەویش بەمەبەستی پاراستنی لە خاكی سووریا ماونەتەوە. ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام دراوە و سەرجەم ئەمانەتە پیرۆزەكان لەگەڵ سەربازەكەنمان بە سەلامەتی گواسترانەوە توركیا بەڵام بەداخەوە یەك شەھیدمان ھەیە ئەویش لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادان نا بەڵكو لە كاتی گواستنەوەكاندا لە رووداوێكدا گیانی لەدەست داوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆتاییدا دەڵێت: "ھێزەكانی ھاوپەیمان و سوپای ئازادی سووریامان ئاگەدار كردووەتەوە بۆ ئەوەی گیانی ھاووڵاتیانی سڤیل بپارێزرێت. ھاوكات لە كاتی بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنەكاندا ھەماھەنگی لە نێوان ئێمە و ھێزەكانی ھاوپەیماندا ھەبووە، فڕۆكەکانی جەنگی لە ئاسمانەوە چاودێریی ئۆپەراسیۆنەكەیان دەكرد".