Hasan Namlı,Ramal Abdullah Mahmood
12 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2017
دیاربەکر – AA
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە گوندەوارەکانی دیاربەکر بۆ سەر ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، حەوت تۆن و ٢٤٤ کیلۆگرام تلیاک دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا.
پارێزگای دیاربەکر رایگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنەی نۆی ئەم مانگە بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە گوندەوارەکانی قەزاکانی لیجە، هازرۆ، کۆجاکۆی و کوڵپ دەستی پێکردبوو، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا چەکدارێکی پەکەکە کوژرا و شەش گومانلێکراویش دەستگیرکران کە یەکێکیان ئەندامی پەکەکەیە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری پەناگەکانیشیان خاپوور کران.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ژمارەیەکی زۆر پارچە چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنی دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیرا کە لە ژێر دار و درەخت، چیلکە و چەوێڵ و بەرد شاردبوویاننەوە.
لە میانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانیشدا لە گوندەوارەکانی لیجە و کۆجاکۆی دەست بەسەر حەوت تۆن و ٢٤٤ کیلۆگرام تلیاک و دوو هەزار و ٧٥٠ بنڕەگی تلیاک و ٨٠٠ کیلۆگرام تۆو تلیاکدا گیرا.
لە لایەکی دیکەیشەوە بڕی ئەو ٤٧ تۆن تلیاکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو لە لیجە دەستی بەسەرداگیرابوو لە کۆگای ئاسایش پارێزرابوو لە لایەن لیژنەی تایبەتی چاودێری لە فەرماندەیی گشتیی جەندرمەی دیاربەکر سووتێندرا و لەناوبرا.