دیاربەکر
لابردنی ئەو تابلۆی "خۆشیی لەوەی دەڵێ تورکم" کە ماوەی ٣٠ ساڵە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی دیاربەکر ھەڵواسراوە، بووە ھۆی مایەی خۆشحاڵیی زۆر لە ھاوڵاتیان و رێکخراوە مەدەنییەکان. ھەروەھا بە ھەنگاوێکی دیکەی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکە دانرا.
یاریدەدەری سەرۆکی کۆمەڵەی مەزڵومان سەڵاحەددین چۆبان بۆ AA گوتی: تابلۆی "خۆشیی لەوەی دەڵێ تورکم" ماوەی ٣٠ ساڵ ھەڵواسرابوو و چەندین جار دەبووە مایەی گفتوگۆ و قسەو باس. لێکردنەوەی ئەم تابلۆیە بە ھەنگاوی دووەم دادەنێم دوای ھەڵگرتنی ئاندیمز (سوێندی ئێمە).
چۆبان لێکردنەوەی ئەو تابلۆیەی بە کارێکی زۆر گرنگ وەسفکرد و گوتی "بێگومان لادانی ئەو تابلۆیەی کە بەرھەمی کودەتای ساڵی ١٩٨٠یە، کاریگەرییەکی باشی دەبێ لەسەر خەڵکی دیاربەکر. لەمیانی پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی، ھەنگاوی لەم چەشنە خۆشحاڵمان دەکات. لەمەودواش چاوەڕێی ھەنگاوی دیکەو درێژەپێدەر دەکەین، چونکە ئەو کارانە دەبنە ھۆی بەھێزکردنی پەیوەندی و بنەبڕکردنی تاکڕەوی و خودپەرستی."
سەرۆک لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ راجی بیلیجی گوتی "ئەو تابلۆیە وشەی رەگەزپەرستیی لەخۆگرتبوو، لەساڵی ١٩٨٠ تا ئێستا بووبووە ھۆی ئازاردانی دەروونیی خەڵک. خۆشبەختانە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن، باشتر بڵێم پاکێجی ئاساییبوونەوە، یەکێکی دیکە لە ئاسەوارەکانی سەردەمی کودەتای سڕییەوە."
راجی بیلیجی ھەروەھا گوتی "پێویستە ھەموو ئەو دروشمانە لەناو ببرێن کە ئاماژە بە رەگەزپەرستی و نەتەوەچیێتی دەکەن. زۆربەی ئەو ناوانەی لە سەردەمی کودەتادا سەپێنراون بەسەر قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکاندا، بوونەتە ھۆی بێزارکردنی خەڵکی ئەم وڵاتە. پێویستە ئەوانیش بگۆڕدرێن و ناوێکیان لێ بنرێ کە ئاماژە بە کەلتوور و مێژووی وڵاتەکەمان بکات. نووسین و ھەڵواسینی "خۆشیی لەوەی دەڵێ تورکم" لە شارێکی کوردنشیندا سوکایەتیەکی تا بڵێی گەورە و بێزارکەرە. ھەربۆیە لێکردنەوەی نووسینێکی لەم شێوەیە کارێکی باش و گرنگە."
ھاوڵاتییەک بەناوی ئەمراھ ئۆزتورک گوتی "نامەوێ تابلۆ و دروشمێک لەسەرم بسەپێنرێ کە حەزی پێناکەم و لەگەڵم ناگونجێ. نامەوێ سیاسەتم لەسەر بکرێ بە ئەرک، بەڵکو دەمەوێ لەژێر سێبەری دیموکراسی، ئازاد لە کەلتوور و زمانی دایک بژیم. فەرزکردنی دروشمی "خۆشیی لەوەی دەڵێ تورکم" بەسەر میللەت و زمانە جیاوازەکان بە ئاکارێکی جوان نازانم."
ھەروەھا زۆزان ئاڵیناک گوتی "پێویست ناکا ئەو جۆرە نووسینانە لە ھیچ شوێنێکدا ھەبن. دڵنیام ھیچ کوردێک (خۆشیی لەوەی دەڵێ تورکم)ی قەبوڵ نییە. ھەروەک چۆن تورکێک قبوڵ ناکات خۆی بە کورد دابنێ. جگە لەوە پێویست ناکا لە وڵاتەکەماندا نووسینی من کوردم، من تورکم، من چەرکەزم ھەبێ. بەڕاستی بە بینینی ئەو تابلۆیانە بێتاقەت دەبم. ئیتر با یەکتر بێ تاقەت نەکەین."
ئیلدەنیز ساڵانێکە لە دەرەوەی وڵات دەژی ئاماژەی بەوەدا لە دەرەوەی وڵات ھیچ شتێکی لەو جۆرەی نەبینیوە.
عەلی ئیلدەنیز گوتی "لابردنی ئەو دروشمە رەگەزپەرستییانە ھۆیەکی یاریدەدەرە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گۆڕینی بیرکردنەوە دەقگرتووەکانی نەتەوەپەرستی و خودپەرستی دەمانگەیەنێتە سەر رێڕەوی پێشکەوتن و پێکەوەژیان."