Muhammet Ali Kemal
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
نزیکەی سەدا ٣٣ی ئەو دیوارە کۆنکرێتییە تەواو بووە کە بەدرێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە کۆی گشتی ٩١١ کیلۆمەتر سنووری نێوان تورکیا و سووریا، درووست دەکرێت و توانای بەرگەگرتنی مووشەکی هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستیکەوتوون، بەشێکی زۆری ئەو بوودجە ٢٥٠ ملیۆن لیرەییە بەکارهاتووە کە وەک گوژمەی یەکەم بۆ درووستکردنی ''پشتێنەیەکی ئەمنی'' لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا بەدرێژایی سنووری پاریزگاکانی شرنەخ، ماردین، ئورفا، کلیس، عەنتاب و هەتای، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە دابینکراوە.
لەو چوارچێوەیەدا دانانی دیواری کۆنکرێتی لەسەر ٣٠٠ کیلۆمەتر لەو ٩١١ کیلۆمترەی سنووری نێوان تورکیا و سووریا، درێژەی هەیە. بەشێکی زۆری ئەو دیوارە کە توانای بەرگەگرتنی مووشەکی هەیە، لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەتای و ئورفا تەواو بووە.
لەو بەشەی دیوارەکەدا کە تەواو بووە و بە بلۆکی گوازراوەی کۆنکرێتیی درووستکراوە کە دوو مەتر ئەستوور، سێ مەتر بەرز و حەوت تۆن قورسە. ئەمە جگە لەوەی لەسەر دیوارەکانەوە تەلی دڕکاوی جێگیر دەکرێت.
بڕیار وایە ساڵی داهاتوو دیوارەکە لەهەریەک لە پارێزگاکانی ماردین، شرنەخ، عەنتاب و کلیس کە لە ئێستادا کارکردن تێیدا بەردەوامە، تەواو بێت.
- خەندەقێک بە درێژایی ١٣٥ کیلۆمەتر هەڵکەنراوە.
کارەکانی هەڵکەندنی خەندەقێکی ٣٦٥ کیلۆمەتری لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا، بەمەبەستی رێگریکردن لە قاچاخچێتی سەر سنوور و هەوڵەکانی پەڕینەوەی نایاسایی، درێژەی هەیە. لە هەریەک لە پارێزگاکانی کلیس و عەنتاب کە بەدرێژایی ١٦٠ کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ سووریادا هەیە، لە کۆی ئەو ١٦٠ کیلۆمەترە خەندەقی ١٣٥ کیلۆمەتری تەواو بووە.
هاوکات لە سەر سنووری هەریەک لە پارێزگاکانی شرنەخ، ماردین، ئورفا و هەتای لەگەڵ سووریادا، لەو ناوچانەی کە دیاریکراون، هەڵکەندنی خەندەق بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە و هەر لەچوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتە بەر، بڕیار وایە بەدرێژایی ٣٨٩ کیلۆمەتر سنوورەکە رووناک بکرێتەوە، بە درێژایی ١٦١ کیلۆمەتر تەلی دڕکاوی دابنرێت و بەدرێژایی١٤٥ کیلۆمەتری دیکە ئەو تەلانەی پێشتر دانراون، نوێ بکرێنەوە.