Muhammet Ali Kemal
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2016
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە پێكهاتەی هاوتەریب رایگەیاند: ''لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا هێزێكی لۆكاڵی و نیشتمانیی نوێی پۆلیس درووست دەكرێت كە نەك لەژێر فەرمانی ئەم كەس و ئەو پێكهاتەدا بێت بەڵكو لەژێر فەرمانی نیشتمان و گەلدا بێت، بەداخەوە درەنگ هەستمان بەو ستەمە كرد كە ئەم پێكهاتەیە لە گەلەمانی كرد''.
ئەردۆغان لە كۆشكی سەرۆكایەتی بەبۆنەی ١٧١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێزی پۆلیسی توركیاوە پێشوازی لە كارمەندانی پۆلیسی پارێزگاكانی توركیا كرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كەسانێك بوونیان هەیە كە دزەیان كردووەتە نێو هێزەكانی پۆلیسەوە و خوازیارن كارمەندانی ئەو هێزە بكەنە ئامراز بۆ خواستە گڵاوەكانیان و لەمبارەیەوە گوتی: ''ئەم جۆرە هەوڵانە بەشێوەی بچووك لە رابردووشدا بوونیان هەبووە، بەڵام ئەو كێشانەی دوایینجار رووبەڕوومان بوویەوە، ئەوەندە گەورە بوو لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا بەراورد نەدەكرا''.
سەركۆماری توركیا دواتر باسی لەوەكرد ئەو رێكخراوە خراپەكارە كە ناوی پێكهاتەی هاوتەریبی دەوڵەتی لێنراوە، لە ڕێگای ئەندامەكانیەوە لەناو دەزگاكانی ئاسایش و داد بەتایبەتی، وڵاتەكەمانی گەیاندووەتە رۆخی كەندەڵانێك.
ئەردۆغان لەسەر گوتەكانی بەردەوام بو و رایگەیاند: ''ئەگەر تەماشایەكی رابردوو بكەین، جێگای دەست و پێی ئەندامانی ئەو پێكهاتەیە لەپشت چەندین بەڵاوە دەبینرێت كە ئەم وڵاتە و ئەم گەلەی دووچاری سەرئێشە و گرفت كردووە، بەداخەوە ئێمە درەنگ هەستمان بەو ستەمە كرد كە ئەم پێكهاتەیە لە گەلەكەمانی كردووە، ئەو پێكهاتەیەی كە من بەم شێوەیە پێناسەم كردووە 'جەماوەرەكەی خواپەرست، چینی ناوەڕاستی بازرگان و لوتكەكەی كەسانی ناپاكن'. لەبنەڕەتدا رێوشوێنمان سەبارەت بەم پێكهاتەیە گرتبووە بەر، بەڵام لەدوای هەوڵەكانی كودەتا لە ١٢تاوەكو ٢٥ی كانوونی یەكەم، ئەو رێوشوێنانەمان بۆ هەڵمەتێكی راماڵینی تەواوەتی گۆڕی. لەم قۆناغەدا دەستمان بە پرۆسەیەكی نوێبوونەوە لەڕووی جەستەیی و بۆچوونەوە لە ریزەكانی هێزە ئەمنییەكاندا كرد. لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا هێزێكی لۆكاڵی و نیشتمانیی نوێی پۆلیس درووست دەكرێت كە نەك لەژێر فەرمانی ئەم كەس و ئەو پێكهاتەدا بێت بەڵكو لەژێر فەرمانی نیشتمان و گەلدا بێت. ئەو زیانانەی كە پێكهاتەی هاوتەریب بە هێزە ئەمنییەكانمانی گەیاندووە، بە داخەوە زۆر گەورەیە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشكرد كە هێشتا كاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت و گوتی: ''تاوەكو كۆتایی لە خەباتی سەر لەنوێ كردنەوەی هێزە ئەمنییەكان بە هێزگەلێك كە لەژێر فەرمانی دەوڵەت و گەلدا بن و خزمەت بە دەوڵەتی یاساسەروەری بكەن، لەگەڵتاندا بەردەوام دەبم''.
لە كۆتاییدا ئەردۆغان كاردانەوەی بەرامبەر بە پەكەكە نیشان دا و گوتی: ''یەك نیشتمانمان هەیە، كە ٧٨٠ هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تەنها یەك نیشتمان. رێگە نادەین هیچ كەسێك لەم نیشتمانەدا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات. ئەوانەی كە ئازایەتی ئەوە دەدەنە بەر خۆیان ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت، باجەكەی دەدەن و بەردەوام دەبن لە دانی ئەو باجە. تاكە دەوڵەتێكمان هەیە و ئێمە جگە لە كۆماری توركیا دەوڵەتی دیكەمان نییە. نازانم ''دەوڵەتی هاوتەریب'' و ئەمە و ئەوە، شتێكی لەو جۆرە نە لەبەرنامەی ئێمەدا و نە لە دەزگای داوەریماندا بوونی هەیە. ئەم دەوڵەتە ئەو پێكهاتەیەیە كە ئێمە دامانمەزراندووە و درووستمان كردووە، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین بیژیەنینەوە''.