ئیستانبوڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ناسراو بە هەدەپە لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسی دووهەمی چەپڕەوەکان لە ئاق دەنیز تایبەت بە پارتی چەپی ئەورووپی گوتارێکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە رەوشی هەستیاری ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەراستی کرد.
لەبەشێکی گوتەکانیدا دەمیرتاش وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە ئایا دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا هاکان فیدان هیچ پەیوەندیەکی بە قۆناغی چارەسەریەوە هەیە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لەدوای چاوپێککەوتنی ئیمرالی روونکردنەوەیەکمان بڵاو کردەوە لەبارەی پێویستی دەست پێکردنی قۆناغی دانوستان (نەک تەنیا گفتوگۆ) و لەبارەی ئازادی و بەدیموکراتیزەبوونیشەوە بانگەوازمان بۆ هەموولایەک دەکرد بە کەجەکەو پەکەکەشەوە کە هەنگاوی پێویست بنێن لەو بارەیەوە.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا کە گوتەکانی حکوومەت و بڵاو کردنەوەیان لەناو خەڵکدا دەربارەی فرێدانی چەک لەلایەن پەکەکەو هاتنە خوارەوەیان لە شاخ لەمانگی ئازاردا، ئەو روونکردنەوانەی هەدەپە دواخراون و گوتی: "ئەگەر لە مانگی ئازاردا پەکەکە لە شاخ بێتە خوار ئەوە ئێمە دژی ئەمە نین، بەڵام ئەمە راست نیە، هەربۆیە ئێمە ناتوانین رێگ بین. سەیرکەن لەکاتی هەوڵدان بۆ کشانەوە (لەناو سنووری تورکیا بۆ دەرەوەی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە) حکوومەت بەهەمان شێوە مامەڵەی کرد، بۆیە کشانەوە رووینەدا. ئێمە دەمانەوێت تۆزێک واقعبینانە مامەڵە بکات و تەنیا هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ نەبێت، هیوادارم لەچوارچێوەی پرۆگرامێکدا کە هەموو لایەک قبووڵیانە روونکردنەوەیەک بڵاو بکەینەوەو زانیاری لەسەر قۆناغەکە بدەین".
دەمیرتاش لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە دەستلەکارکێشانەوەی هاکان فیدان لە پۆستی راوێژکاری دەزگای هەواڵگری میللی تورکیا هیچ پەیوەندیەکی بە قۆناغی چارەسەریەوە نیە.