ئیستانبوڵ
هاوسەرۆكی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی خەبەرتوركدا وەڵامی چەند پرسیارێكی لەبارەی رۆژەڤی سیاسییەوە دایەوە و گوتی: "ئەگەر پرسی دانانی چەك لە لایەن پەكەكەوە لە چاوەڕوانی بانگەوازی ئێمە بێت ئەوا لە سبەینێیەوە تا ئێوارە هاوار دەكەین، بەڵام ئەم پرسە پرسێك نییە كە بە بانگەوازی ئێمە چارەسەر بكرێت، لێرەدا هاوار دەكەم و دەڵێم پێویستە پەكەكە لە دژی توركیا چەك دابنێت بەڵام بانگەوازییەكەی من چارەسەر نییە".
دەمیرتاش لەبارەی رەوشی باكووری سووریا و رۆژئاواوە گوتی: "لە جیاتی ئەوەی سوپای توركیا بچێتە باكووری سووریا با سیاسەتمەدارەكان بچن، پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان لە سایەی هەبوونی پەیەدەدا ئاسانتر دەبێت بەڵام پێویستە پەیەدەیش ئەوە بزانێت كە بەبێ توركیا نابێت و پێویستە چارەسەری توركیا و پەیەدە خزمەتی سووریایەكی نوێ بكات".
دەمیرتاش گوتی: "بەرنامەی كورد دابەشكردن و جیابوونەوە نییە بەڵكو كورد دەیەوێت كۆتایی بە ناحەقییەكان بهێنرێت، ناڵێن با دەوڵەتێكی جیاواز دابمەزرێنین بەڵكو دەڵین با پێكەوە بژین بەڵام بازنەی ئازادییەكان زیاتر بكەین، بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا بە شێوەیەكی كورت و گشتی ئەمە بنەمای چارەسەری ئێمەیە".
لەبارەی دانانی چەك لە لایەن پەكەكەوە دەمیرتاش گوتی: "تاقە رێگا بۆ ئەوەی چی دیكە پەكەكە نەبێتە هەڕەشە دانوستانە، ئەگەر لەسەر بانگەوازی ئێمە مابێت ئەوا لە سبەینێیەوە تا ئێوارە هاوار دەكەین، بەڵام ئەم پرسە بە بانگەوازی ئێمە چارەسەر ناكرێت".