دیاربەکر
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دیاربەکر (DİSA) دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی بە ئامادەکردنی راپۆرتێک کرد لە بارەی رەوشی پاسەوانی گوندەکان لە دیاربەکر، ھەکاری، ماردین، وان و ئورفا و دەقی لێکۆڵینەوەکەی لەشێوەی کتێبێکدا چاپ کردووە و ناوەندی رۆشنبیریی شارەوانی کایاپنارلە دیاربەکر لە کۆنفراسێکدا بۆ رای گشتی ئاشکرای کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا ھەردوو نووسەری کتێبەکە شەمسا ئۆزار و نەسرین ئوچاکلار لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە دوان.
ئۆزار گوتی "لە باشووری رۆژھەڵات و رۆژھەلاتی تورکیا لە ٢٢ شاردا ٤٦ ھەزار و ١٩٥ پاسەوانی گوند ھەن و مووچە لە حکومەت وەردەگرن. بێجگە لەمانە، ٢٠ تا ٢٥ ھەزار پاسەوانی گوندی خۆبەخش ھەن و بە گشتی تا ٦٠ ھەزار پاسەوان لەم ناوچەیەدا ھەن. پاسەوانی خۆبەخش پارە وەرناگرێ بەڵام چەک لە حکومەت وەردەگرێ."
ئۆزار باسی چونیەتی ئامادەکردنی ئەم کتێبەی کرد و گوتی "بۆ ئاماەکردنی لێکۆڵینەوەکە قسەمان لەگەل ٣٣ پاسەوانی گوند گوندنشین، ١٥ ھاوسەری پاسەوانەکان، ١١ منداڵیان، لە گەل چوار بەرێوەبەری رێکخراوی پاسەوانی گوند کردوە و لێدوانمان لە زیاتر ٦٨ کەس وەرگرتوە.
ئۆزار ھەروەھا گوتی "یارمەتی و زانیاریمان لە کتێب و لێکۆلینەوەی دیکە کە لە نێوان ساڵی ١٩٨٤-٢٠١١ چاپ و بڵاو بوونەتەوە وەرگرتوە."
لە کتێبەکەدا باس لە ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاسەوانیی گوند کردوە و چەند پێشنیازێکی لەو رووەوە خستۆتە روو و بەگرنگی دەزانێ "حکومەت بەخێرایی و بەبێ مەرج پاسەوانەکان چەک بکات و ئەوانەی تاوانبارن بیانداتە دادگا، پاش ھەڵوەشاندنەوەی سیستمەکە بەپەلە ھەلی کار بۆ ئەو چەکدارانە بدۆزێتەوە."
لە کۆنفرانسەکەدا داواشیان لە ھەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد پشتگیر و یارمەتیدەر بن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە.
مەرال دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی ئاشتی و دیموکراسی و چەند بەرپرسێکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.