Sergen Sezgin,Fatih Çapkın
12 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2023
هاتای - AA
دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٤٩ کاتژمێر لەژێر داروپەردووی رووخاوی باڵەخانەیەک لە قەزای ئەنتاکیا لە پارێزگای هاتای باشووری تورکیا، هاووڵاتییەک رزگار کرا.
دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی پارێزگای قەهرەمانمەڕەشی هەژاند کە بە کارەساتی سەدە ناسراوە و ١٠ پارێزگای دیکەی گرتەوە، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکە کران و بوونەتە جێگەی ئومێدی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی باڵەخانەکان.
لە میانی کارەکانی گەڕان و رزگارکردندا، تیمەکان هەستیان بە دەنگی کەسێکی زیندوو کرد لەژێر باڵەخانەیەکی رووخاوی قەزای ئەنتاکیادا، بەو هۆیەوەشەوە کارەکانیان زیاتر چڕکردەوە.
دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر لە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، تیمەکان توانیان کەسێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی مستەفا ساریگوڵ رزگار بکەن کە ١٤٩ کاتژمێر بوو لەژێر ئەو باڵەخانە رووخاوەدا مابووەوە.
دوای پشکنینی پزیشکی، مستەفا ساریگوڵ لەلایەن تیمی تەندروستییەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.