Abdullah Shukur
05 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لە بارەی ٢٢ەمین كۆنگرەی ئاسایی تورك-ئیش لە شاری ئەنقەرە وتارێكی پێشكەش كرد و باسی لەو فڕۆكە رووسییە كرد كە بەهۆی بەزاندنی سنووری ئاسمانی توركیا خرایە خوارەوە.
داودئۆغڵو رایگەیاند" لەم كارەدا هەرگیز هیچ وڵاتێك نەكراوەتە ئامانج و هەڵوێستێكی هێرشبەرانە نییە بۆ هیچ لایەك".
داودئۆغڵو گوتی: "وا دەیبینم كە بەشێك لەو هەواڵانەی كە پەیوەندیدارە بە رەوانەكردنی هێزی سەربازی توركیا بۆ مووسڵ مەبەستی خۆی تێپەڕاندووە. نابێت هیچ كەسێك مانای بە هەڵە لە هاوكارییەكانی ئێمە تێ بگات. توركیا چاوی لە خاكی هیچ وڵاتێك نییە و، ناشی بێت. بەرەنگاربوونەوەی توركیا لەگەڵ تیرۆر و رێكخراوەكانی تیرۆریستییە".
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتیشی: "لە هەموو شتێك لە پێشتر بۆ توركیا ئاسوودەیی و سەقامگیری سووریا و عێراقە. بۆ ئەمەش پێویستە ئەم دوو وڵاتە لە داعش و پەكەكە رزگار بكرێن. توركیاش بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و سەقامگیرییەكەی هەمیشە ئامادەی هاوكارییە".
داودئۆغڵو راشیگەیاند كە كەمپی بەعشیقە نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵەوە دوورە. ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كەمپە بەمەبەستی راهێنانی هێزەكانی ناوچەكە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كراوەتەوە.
داودئۆغڵو گوتی: "ئەمە كەمپێكی نوێ نییە. نزیكەی ساڵێكە راهێنان بە زیاتر لە دوو هەزار لە برایانی خەڵكی مووسڵ دەكەین بۆ رزگاركردنی شارەكەیان لە دەستی داعش. ئەم راهێنانە لەسەر داوای پارێزگاری مووسڵ بە هەماهەنگی وەزارەتی بەرگری عێراق دەستی پێ كرد بوو. لەسەر داوای سوپا و پۆلیسی عێراق ئامادەی پێدانی هەموو جۆرە هاوكارییەكین. راهێنانمان بە برایانی عێراقی لە دژی داعش كرد و بەردەوامیش دەبین".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا كە نابێت هیچ كەسێك هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی جیاواز بۆ ئەو چالاكییە بكات و، گوتی: "ئەم كەمپە بۆ راهێنانی پێشمەرگە و خەڵكی مووسڵ و هەروەها پاراستنی ناوچەكە دروست كراوە. لە سەردانی وەزیری بەرگری عێراق بۆ توركیا پێشبینی كراوە. منیش بۆ كۆبوونەوەی راوێژكاری لە ئاستی باڵا سەردانی بەغدا دەكەم".