Sultan Çoğalan,Muhammet Ali Kemal
29 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە بڕیاری تاکلایەنانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراقدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان، رایگەیاند: ''ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانەی حکوومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، درووست نییە''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانەی بەشدارییکردنیدا لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەرەتە خەبەردا، روونکردنەوەی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دا.
چاوشئۆغڵو سەبارەت بە بڕیاری تاکلایەنانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراقدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان، ئاماژەی بەوەکرد لە کەرکووک ژمارەیەکی زۆر تورکمان دەژین و عەرەب و کوردیشی لێیە.
جەختی لەوەشکردەوە کەرکووک شارێکە زیاتر لە یەک نەژادی تێدا دەژی و رایگەیاند: ''ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانەی حکوومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، درووست نییە. بەرلە دەنگدانەکەش راوێژکارمان، کاک ئومید بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە و بۆچوونی ئێمەی لەوبارەیەوە پێ راگەیاندووە. ؛ەبەرامبەردا ئەویش رایگەیاندووە 'ئیتر دەنگدانەکە دەکرێت، ئەگەر بێت و پەسەندیش بکرێت، ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە ئەو ئاڵایە هەڵواسین'. بەرلە هەموو شتێک گۆڕینی پێکهاتەی نەژادیی ئەو ناوچەیە، درووست نییە. درووستکردنی ئەمری واقع کارێکی راست نییە. هاویشتنی هەنگاوی تاکلایەنە، سوودێکی لێ ناکەوێتەوە. لە دۆخێکدا کە عێراقی لەئێستادا تێدایە و بەرەنگاری داعش دەبێتەوە، هەنگاوێکی لەوجۆرە، هیچ سوودێکی بۆ داهاتووی عێراق نابێت، هەروەها سوودی بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی ئەو وڵاتەش نابێت. ئێمە پشتیوانیی لە سەروەریی سنوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا دەکەین. پشتیوانیی لەو هەنگاوە ناکەین و پێمان درووست نییە. خوازیارین هەمووان لەچوارچێوەی لێپرسراوێتییدا مامەڵە بکەن''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەدەستگیرکردنی یەکێک لە جێگرانی بەڕێوەبەری گشتیی هاڵک بانک، مەهمەت هاکان ئاتیلا لە ئەمریکا لەچوارچێوەی دۆسیەی بازرگان، رەزا سەڕافدا، ئاماژەی بەوەکرد بابەتەکە لەلایەن کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکەمانەوە بە وردیی چاودێریی دەکرێت و باسی لەوەشکرد کونسوڵخانە کیشەی هەیە لە وەرگرتنی زانیاریی سەبارەت بەو دۆخەی کە هاووڵاتییەکی تورکیا و لێپرسراوێکی باڵای بانکێک تێیدایە و گوتی:
''سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی تەنها روونکردنەوەیان دا. دادگا هیچ بڕیارێکی نەداوە و بۆ 10ی نیسان دواخراوە. رۆژی 10ی نیسان دانیشتنی دادگا بەڕێوەدەچێت. ئێمەش زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین. وادیارە کە لەو سکاڵانامەیەی بهارارا کە لە کارەکەی دوورخرابوویەوە و لە فەتۆ نزیکە، ئامادەی کردبوو، دەستیان بەکارەکە کردووە، ئەوە روونە کە شتێکی ئامادەکراوە. دەستبەجێ رەوانەی دادگایان کرد. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە 'سەبارەت بەوەی دەستگیرکردنی یەکێک لە جێگرانی بەڕێوەبەری گشتیی هاڵک بانک، مەهمەت هاکان ئاتیلا لە نیویۆرک لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن کە بڕیارە سبەی سەردانی تورکیا بکات، باس دەکرێت': ''بە دڵنیاییەوە باسی دەکەین. لێی دەپرسین کە بابەتەکە چییە. باسی نیگەرانییەکانیشمان دەکەین کە تاوەکو ئێستا لەوبارەیەوە هەمانە و باسی رێگرییکردن لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییش دەکەین''.