Mazın Asad
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
برۆکسل
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو گوتی: "تورکیا و یەکێتی ئەورووپا لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا، عێراق، داعش، تیرۆر و کۆچ کە لیبیاشی تێدایە بەیەکەوە جموجۆڵ دەکەین و ھەماھەنگی دەکەین".
چاوشئۆغڵو لە کاتی کۆبوونەوەی کۆنسەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا روونکردنەوەیەکی دا و رایگەیاند کە تورکیا دەیەوێت درێژە بەم کۆبوونەوانە لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا بدات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا تورکیا وڵاتێکە کە دانوستان دەکات و گوتیشی: "ھەرچەندە تاوەکو ئەمڕۆ رێگری لە دانوستانەکان کرابێت، بەڵام لە دوا لوتکەدا لە پەیوەندییەکانماندا بەرەوپێشچوون ھاتە ئاراوە و لەوبارەیەوە بەیەکەوە بڕیارمان داوە. ھاوکات پێویستە ئەم بڕیارانە بێنینەجێ. بەو ھۆیەوە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی دیکە درێژەی دەبێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیشی کردەوە کە ئەمڕۆ وەرزی ١٧ەمینی دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا دەست پێدەکات و لەوبارەیەوە رایگەیاند داوا دەکەن لە بەرواری ٢٥ی کانوونی دووەم ھەریەک لە بەرپرسی کاروباری فراوانبوونی یەکێتی ئەورووپا جۆھانیس و نوێنەری باڵی کاروباری دەرەوەی و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا فێدریگە مۆگرینی سەردانی تورکیا بکەن.
ھاوکات تیشکی خستە سەر کرانەوەی وەرزی نوێی دانوستانەکانی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا و گوتیشی: "کارەکان لەبارەی گەشتکردنی بێ فیزە درێژەی ھەیە. لە پاڵ ئەمەدا میکانیزمی باڵای ئابووری و وزە بەکار دەخەین. یەکێتی گومرەکەکان نوێ دەکەینەوە. ھەروەھا تورکیا و یەکێتی ئەورووپا لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا، عێراق، داعش، تیرۆر و کۆچ کە لیبیاشی تێدایە بەیەکەوە جموجۆڵ دەکەین و ھەماھەنگی دەکەین. زۆربەی پرسیارەکان و ھەڵسەنگاندنی وەزیرانی وڵاتانی ئەندام دەربارەی بابەتی ئاسایش، کۆچ، پێشھاتەکانی ناوچەکە و چۆنیەتی باشبوونی رەوشی لیبیا و دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ سووریا بوو کە ھەڵسەنگاندنمان لەبارەیەوە کرد. کۆبوونەوەکان زۆر بە ئەرێنی بەڕێوە چوو".