Ramal Mahmood
03 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2017
ماڵاتیا – AA
-لەئاکامی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوەوەی وڵات بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش گورزی گورچکبڕ بەر ئەو رێکخراوە کەوتووە.
- لەئاکامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکانی چڕوپڕ بۆسەر چەکدارانی داعش لە ناوچەی ئەلباب دوو گەورە تیرۆریستی داعش بەپلەی ئەمیر بەناوەکانی ئەبو ئەنساری و ئەبو حوسەین تونسی، کوژران.
لەئاکامی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوەوەی وڵات بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش گورزی گورچکبڕ بەر ئەو رێکخراوە کەوتووە. لەئاکامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکانی چڕوپڕ بۆسەر چەکدارانی داعش لە ناوچەی ئەلباب باکووری سووریا دوو گەورە تیرۆریستی داعش بەپلەی ئەمیر بەناوەکانی ئەبو ئەنساری و ئەبو حوسەین تونسی، کوژران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کۆیکردوونەتەوە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە بەمەبەستی نەهێشتنی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەرووی هەموویانەوە داعش، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سەر سنوورەکانی تورکیا و پشتیوانییکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە 24ی ئابدا لە باکووری سووریا دەستیپێکردبوو، درێژەی هەیە.
لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٢٢٥ گەڕەک لە هێڵی نێوان عەزاز-جەرابلوس رزگارکراوە کە رووبەرەکەی هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
لەمیانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی فەرماندەیی ئاسمانی تورکیا لە ناوچەکانی ئەلباب و داغڵاباش هەزاران ئامانجی داعش خاپوور کراون.
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بنکە و بارەگا، پەناگە، سەنگەر و سەربازگەکانی داعشیان خاپوور کردووە هەروەها تانک و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانیان تێکشکاندوون و ٣٢٠ تیرۆریستی داعشیان کووشتووە کە چەندین گەورە تیرۆریستیان لەنێودایە.
فڕۆکە جەنگییەکانی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان لە میانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا لە ناوچەی ئەلباب دوو رۆژ لەمەوبەر، ئەبو ئەنسارییان کوشت.
لە ٣٠ی کانوونی یەکەمیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان ١٧ ئامانجی داعشیان لە ناوچەکانی ئەلباب و داغڵاباش خاپوور کرد و ٢٦ داعشی کوشت کە لەنێویاندا چەند گەورە تیرۆریست هەن. لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ٢٩ی کانوونی یەکەمیشدا ئەمیرێکی داعش بەناوی ئەبو حوسەین تونسی کوژرا.
لەئاکامی پێکدادانەکانی دوو رۆژ لەمەوبەردا، ٢٣ چەکداری داعش کوژران، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئەلباب، سوفلانیە، قەبر ئەل موکری، بەزاعه، تەدیف و ئەبو جەببار ٢١ تەلاری داعشیان خاپوور کرد کە وەک سەنگەر و بنکەو بارەگا بەکاریان دەهێنان.
دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، تۆپهاوێژەکان و فڕۆکە جەنگییەکان ئامانجەکانی داعشیان لە ئەلباب و دەورووبەری کردە ئامانج، هەروەها ئامانجەکانی پەکەکە/پەیەدە-شیان کردە ئامانج و ٣٠٦ چەکداری ئەو رێکخراوەیان کوشت.