ماردین
سوڵتان کۆسەن، تا ئێستا بێ رکابەرترین باڵابەرزی جیھانە، لەگەڵ مەڕوە دیبۆ کە کچێکی خەڵکی سوریایە لەشاری ماردین ئاھەنگی ھاوسەرگیرییان سازکرد.
سوڵتان کوردەو لە گوندی دەدە لەپارێزگای ماردین دەژی. بەرزیی باڵاکەی دوو مەترو ٥١ سانتیمەو درێژی دەست و پێی ٣٦ سانتیمە، بۆیە ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکراوەو پێنج ساڵە ھیچ رکابەرێکی لە جیھاندا نییە.
زەماوەندی سوڵتان و مەڕوە لە ھۆڵی مۆڤا مۆڵ بەڕێوەچوو، خزمانی بووک و زاوا و بەشداربووان بە گۆڤەندو ھەڵپەڕکێی کوردی ئاھەنگەکەیان رازاندەوە. سوڵتان بەو جۆرە وەسفی مەروەی ھاوسەری کرد "ئەوینی ژیانمە".
ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی دەرەوەو ناوەوەی وڵات ئامادەی زەماوەندەکە بوون و بووک و زاوایان بەتەنیا بەجێ نەھێشت. تا کۆتایی زەماوەندەکە دەوروپشتیان قەرەباڵخ بوو. لەکاتی ھەڵپەڕکێ و گۆڤەند کۆسەن بەمجۆرە خۆشحاڵیی لەبەرامبەر دۆزینەوەی ئەوینی ژیانی دەربڕی: "ئەمڕۆ زەماوەند دەکەم ناتوانم ھەستەکانم بە قسە دەربڕم. خۆم بە بەختەوەرترین مرۆڤی جیھان دەزانم. داوا لە خوا دەکەم ناخۆشترین رۆژمان وەک ئەمڕۆ بێ."
مەڕوەیش خۆشخاڵی بەم پەیڤانە دەربڕی: "شەریکی ژیانم دۆزییەوە. خوازیارم بەختەوەریی ھەمیشەیی بەدوادا بێ."
ئەحمەد جەنگیز سەرۆکی شارەوانیی ماردین لە زەماوەندەکە ئامادەبوو گوتی: "بەو زەماوەندە پەیوەندییمان لەگەڵ سوریای دراوسێ تۆکمەترو گەرم و گوڕتر دەکەین. ھیوادارین ئەو پێکدادان و کوشتارەی وڵاتی بووکەخان کۆتایی پێ بێ و میللەت بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی. لەژێر باڵی رەشی قەیران بگەڕێنرێتەوە باوەشی ئاشتی. پیرۆزبایی لە بووک و زاوا دەکەم و ھیوای ژیانێکی ئاسوودەو دوور لە ناخۆشییان بۆ دەخوازم".
سەرۆکی شارەوانی لەبارەی ھاتنی وەزیری ناوخۆ موعمەمەر گولەن گوتی: "بڕیاربوو بەڕێز وەزیری ناوخۆ موعەممەر گولەن تەشریف بێنن بەڵام لەبەر سەرقاڵی بۆی نەکرا."
پاشان سەرۆکی شارەوانیی ماردین ئەو ئاڵتوونەی کردە دیاریی بووک و زاوا کە وەزیری ناوخۆ ناردبووی. ئنجا وێنەیان گرت و خەڵکیش ریزی بەست بۆ دیاریی پێشکەشکردن.
لەبەر ئەوەی بەڵگەو نووسراوەکانی مەڕوە دیبۆ تەواو نەبوو مارەکردنی دادگا بۆ چەند رۆژێکی دیکە دواخرا.
لەبارەی جلی زاوایەتی سوڵتان کۆسەن، عەلائەدین چۆبان یەکێ لەکار بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای سارا بۆ AA گوتی: "دوای سێ رۆژ کارکردنی بەردەوام توانیمان جلی زاوا ئامادە بکەین، شەش مەتر قوماشمان تێیدا بەکارھێنا. ھیوای بەختەوەریی ھەتایی بۆ بووک و زاوا دەخوازم."