Mümin Altaş,Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
12 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
جێگری سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و گوتەبێژی سەرۆکایەتییەکە، ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بە سەردانەکەی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ رووسیا، رایگەیاند ''لەو کۆبوونەوانەدا کە بڕیارە لە نێوان سەرکردەی هەردوو وڵاتدا لەچوارچێوەی سەردانەکەدا ئەنجامبدرێت، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەرێمییەکان لە سەرووی هەموویانەوە بابەتی سووریا و بابەتە نێودەوڵەتییەکان بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ بکرێت''.
ئیبراهیم کاڵن لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نێوان رۆژانی ١٣-١٥ی تشرینی دووەمدا سەردانی هەریەک لە رووسیا، کوێت و قەتەر دەکات.
ئیبراهیم کاڵن باسی لەوەکردووە سەرەتا ئەردۆغان وەک بەدەمەوەچوونی بانگێشتەکەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سبەی سەردانی سۆچی دەکات و رایگەیاندووە ''لەو کۆبوونەوانەشدا کە بڕیارە لە نێوان سەرکردەی هەردوو وڵاتدا لەچوارچێوەی سەردانەکەدا ئەنجامبدرێت، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەرێمییەکان لە سەرووی هەموویانەوە بابەتی سووریا و بابەتە نێودەوڵەتییەکان بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ بکرێت''.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە کارەکانی بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و رووسیا بە مکوڕییەوە درێژەیان هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە رێگەی سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغانەوە جەخت دەکرێتەوە لەسەر هەڵگرتنی تەواوی رێکارەکانی سنوردارکردنی بازرگانی و پرسی هەڵگرتنی ڤیزە و هاوکات تاوتوێکردنی هاریکاری نزیکی بواری وزە باسی لێوە دەکرێت.
بڕیارە دوای رووسیا، ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی میری کوێت، شێخ سەباح جابر ئەحمەد ئەلسەباح سەردانی کوێت بکات و لەو بارەیەوە کاڵن گوتی: "لە سەردانەکەدا پەیوەندی بازرگانی و هاریکاری بەڵێندەرەکان لە بوارە جیاجیاکان و وەبەرهێنانی هاووڵاتییانی کوێتی باسی لێوە دەکرێت، جگە لەوەی باس لە پرسی کونسولیەت و بواری کولتووری و پەروەردە و سەربازی و پیشەسازی سەربازی و بەرگری لایەنێکی تری کۆبوونەوەکان دەبێت.
دوای دیدار و کۆبوونەوەکانیشی لە کوێت، ئەردۆغان بە مەبەستی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی سێیەمی لیژنەی باڵای سترایجیی تورکیا-قەتەر سەردانی قەتەر دەکات و کاڵن رایگەیاندووە:
''چاوەڕواندەکرێت لەچوارچێوەی کارەکانی لیژنەکەدا ئەو رێککەوتننامانەی کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان دانوستانیان لەبارەوە تەواوکردووە، واژوو بکرێن''.