Özcan Yıldırım
23 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "ئیتر کاتی سیاسەتکردنی نایاسایی لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە. لە تورکیای نوێدا ئابووری نایاسایی و سیاسەتی نایاسایی جێی نابێتەوە" و گوتیشی، "هەرکام لە عەلەوییەکان، کوردەکان و ڕۆمییەکان و هەموو ئەوانەی کە پێشتر پەراوێزخرابوون، ئێستا بەشێکی جیانەکراوەی گەورەن لە تورکیادا".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی گوتارێکدا کە لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاکپارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، قسەی بۆ ئەندامانی کۆنگرە کرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە پارتەکەی کرد و ڕایگەیاند: "ئاکپارتی پێکهاتەیەکی سیاسییە کە لە ڕۆژی دامەزرانییەوە لە ٢٤ ساڵ لەمەوبەر بەردەوام سەرکەوتوو بووە لە نوێبوونەوە، گۆڕانکاریی، گەشەسەندن و بەرزبوونەوە. لە میانی بەڕێوەبردنی هەشتەمین کۆنگرەی پارتەکەماندا، لە پارێزگاکاندا سێ لەسەر چوار و لە شارۆچکەکاندا دوو لەسەر سێی بەرپرسانی حزبی گۆڕانکارییان بەسەردا هات. چارەسەری کێشەکانی وڵات و گەلەکەمان، هاوشێوەی دژە ژەهر، ئاکپارتی و هاوپەیمانی جمهوورە".
گوتیشی: "سیستەمی سەرۆکایەتی لە حوکمڕانیدا، گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ناسەقامگیری سیاسی و دیموکراسی ژەهراوی. کێشەی ئۆپۆزسیۆنێکمان هەیە کە سێبەر دەخاتە سەر تیرۆر و دزی و ژەهراویکردنی دیموکراسی و پەیوەندییەکانی بووەتە ناوەندی تۆمەت و بەلاڕێدا بردن".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی تیرۆر و سیاسەتی چارەسەری لەم بارەیەوە کرد و گوتی: "تیرۆر و سیاسەت و یان تیرۆر و دیموکراسی ناتوانن لە یەککاتدا بەیەکەوە بگونجێن. بۆیە دەڵێن 'یان تیرۆر و یان دیموکراسی'، 'یان چەک یان سیاسەتی مەدەنی'. کاتی ئەوەمان نییە بە کۆمەڵە بابەتێک کە ئەنجامی فیتنەی دەرەکین و هیچ سوودێکیان بۆ تورک، کورد، سوننە و عەلەوی نییە، سەرقاڵ بین. لە کاتێکدا جیهانێکی نوێی دروست دەبێت، تورکیا پێویستە لە بەڵای تیرۆر ڕزگاری بێت. ئینشائەڵلا ئەو ڕۆژە زۆر نزیکە لە سێبەری ڕەشی تیرۆر، توندوتیژی و چەک لەسەر وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بە تەواوی نامێنێت".
گوتیشی: "وەک تورکەکان، کوردەکان و عەرەبەکان هەموو بەیەکەوە ئەو دیوارە دەڕوخێنین کە ٤٠ ساڵە لەسەر بنەمای ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان بەرز بووەتەوە. دوای ئەوەی کێشەی تیرۆر چارەسەر بوو، ئەوە دەرگایەکی نوێ دەکرێتەوە بۆ پەرەپێدان، برایەتی و یەکگرتوویی لە ناوچەکە. هەتا ئەو کاتەی کە هەڕەشەی فەتۆ بە تەواوی یەکلا نەکرێتەوە، خەباتمان لە دژیان لە ناو و دەرەوە بەردەوام دەبێت. هەتا ئەو کاتەش کە هاوپەیمانی جمهوور هەبێت، تورکیا لە ئاسایش دایە و مانەوەی تورکیا و برایەتی گەلەکەمان پارێزراوە. هەرکام لە عەلەوییەکان، کوردەکان و ڕۆمییەکان و هەموو ئەوانەی کە پێشتر پەراوێزخرابوون، ئێستا بەشێکی جیانەکراوەی گەورەن لە تورکیادا".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "ئیتر کاتی سیاسەتکردنی نایاسایی لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە. لە تورکیای نوێدا ئابووری نایاسایی و سیاسەتی نایاسایی جێی نابێتەوە".
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان تایبەت بوو بە پرسی ئابووری و گەشەسەندنی وڵات و لەم بارەیەوە گوتی: "داهاتی تاک لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە سێ هەزار و ٦٠٠ دۆلارەوە گەیشتە ١٣ هەزار و ٢٤٣ دۆلار. لەگەڵ ڕاگەیاندنی داتاکانی ساڵی ڕابردووش ئینشائەڵلا گەیشتووەتە ١٥ هەزار دۆلار. هەنووکە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر ئاستی جیهان یەکەمین و لە بواری هەناردەی پیشەسازیی بەرگریشدا لە ڕێزبەندی ١١هەمین وڵاتداین. لەسەر بنەمای وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی زیاتر، داهاتی وڵاتەکەمان شەش هێندە بەرز کردووەتەوە و تورکیامان گەیاندووەتە ئاستی ئابووریی ترلیۆن دۆلاری. تورکیا بەرەوڕووی شکۆیەکی گەورەی وەچەرخان و هەنگاونانە لە ئاڕاستەی ئابوورییەکی بەهێز. گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کارئاسانی و خێرایی دەبەخشنە ئەو ڕەوتە. بۆ سارێژکردنی برینی کارەساتی سەدە لە ٦ی شوباتدا لەم دوو ساڵەدا بوودجەیەک بە قەبارەی ٧٥ ملیار دۆلارمان تەرخان کرد".
سەرکۆمار ئەردۆغان بەو شێوەی بەردەوام بوو، "یەدەگی بانکی ناوەندیمان ١٧٣ ملیار دۆلاری تێپەڕاند و گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی کۆمارەکەماندا. دابەزاندنی هەڵاوسان بە خێراییەکی زۆر بەردەوام دەبێت. لەگەڵ دابەزینی هەڵاوسان توانای کڕینیش بەرز دەبێتەوە و ٨٥ ملیۆن کەس کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەو دۆخە دەبینن. پلانی چاکسازی سەدەی تورکیامان خێراتر کردووە. لە سایەی ئەو پلانە شایەتی گەشەسەندنی وڵات و پەرەپێدان بە تواناکانمان دەبین. بە پلانی وەچەرخانی ئابووری، هەندێک ڕێکار دەگرینە بەر کە بنەماکانی گەشەی بەهێز و بەردەوام و گشتگیر بەهێزتر بکەین".
گوتیشی: "بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک، هەموو بەربەستەکان لەبەردەم هاووڵاتیانمان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە خۆراکی تەندروست و هەرزان هەڵدەگرین. بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و کارایی باج، لەسەر بنەمای 'زیاتر قازانج بکە و زیاتر باج بدە' هەوڵی بەرزکردنی داهاتی گشتی دەدەین. پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی گشتی کە ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر دەکەین، دەیخەینە واری جێبەجێکردنەوە و بەو شێوەیە کرێ و نرخی خانوبەرە هاوسەنگ دەکەین".
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەی سەرکۆمار ئەردۆغان پرسی هەمواری دەستووری تورکیای بیر خستەوە و ڕایگەیاند: "بە بەدیهێنانی دەستوورێکی نوێ، مەدەنی و فرەیی پارێزگاری لە دیموکراسییەکەمان دەکەین".