Merve Yıldızalp
24 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەو تەنگەژەیەی کە ئەورووپا تێی کەوتووە، تەنیا بە ئەندامەتی تورکیا لەو یەکێتییە چارەسەر دەبێت و لەبارەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایناش دوا و گوتی خوازیاری کۆتایی هاتن بەو جەنگەن و ئامادەی نێوەندگیرین.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لە سەرەتای قسەکانیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی ئەورووپا و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانە لە هەندێک وڵات کرد و گوتی: "لیبراڵ دیموکراسی کە لە سەدەی ڕابردوودا ئایدیۆلۆجیایەک بوو زۆرترین خواستی لەسەر هەبوو، تووشی قەیرانێکی قوڵ و تەنگەژە بووەتەوە. ئەو بۆشاییەی لە دیموکراسییەکانی ئەورووپادا دەبیندرێت لە لایەن پۆپۆلیستە ڕاسترەوەکانەوە پڕ دەکرێتەوە و ئەوە لە دوایین هەڵبژاردنەکاندا دەبینین".
گوتیشی: "ئەو قەیرانەی ئەورووپا تێی کەوتووە، لە ئابوورییەوە هەتا دەگاتە بەرگریی و لە سیاسەتەوە هەتا پێگەی نێودەوڵەتی، تەنیا بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە لێی دەرباز دەبێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان: "دامودەزگاکان و ڕێبەرانی ڕۆژئاوایی کە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی زیاتر لە ٦١ هەزار کەس لە غەززە بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە ئەزموونی مرۆڤایەتیدا دەرنەچوون".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆماری تورکیا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی سەرکۆماری کرد و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەدا لەبارەی ستراتیجی پیشەسازی بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی تەکنەلۆجیا بۆ ساڵی ٢٠٣٠ کە سەربەخۆییمان لەو بوارانەدا بەهێزتر دەکات، گفتوگۆمان کرد. پڕۆژەکانی تایبەت بە پێترۆکیمیا، بەرگریی و تەکنەلۆجیای وزەی خۆر کە بوودجەیەکی بە قەبارەی ٧ ملیار دۆلاری پێویستە، هەڵسەنگاندمان بۆ کرد".
لەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە تورکیا ئەردۆغان گوتی، "کۆمپانیایەکی چینی لە سامسۆن (لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل) سەرقاڵی وەبەرهێنانە و ئامادەکارییەکان تەواو بووە و لە ماوەیەکی کورتدا بەردی بناغەکەی دادەنرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە ڕەوتی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کرد و گوتی: "ئێمە ئامادەی هەموو نێوەندگیرییەکین بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و میوانداری ڕەوتی گفتوگۆکان. خوازیاری کۆتایی هاتن بەو جەنگەین کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس و زیانی قورس بەر هەردوو وڵات کەوتووە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە پلانی حکوومەتەکەی بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کرد و گوتی: "هەموو ڕێکارێک بەر لە ڕەمەزان دژ بەو هەلپەرەستانە دەگرینە بەر و گرتووشمانە، بۆ ئەوەی لە بازاڕەکاندا هاووڵاتیانمان زەرەرمەند نەبن".
گوتیشی: "هەر یەکە لە وەزارەتەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ و دارایی لە هەوڵی چڕ دان بۆ ئەوەی تەماحکارەکان سێبەر نەخەنە سەر خۆشی گەلەکەمان لە مانگی ڕەمەزاندا".