ئیستانبوڵ
بەر لە كۆبوونەوەكە دوو لایەن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرباەت بە پرسە پەیوەندییدارەكانی رۆژ بۆ میدیاكان دوان.
بایدن لە گوتەكانیدا وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە سەردانی بۆ توركیا، پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ توركیای بە پەیوەندییەكی سیستەماتیك و لەسەر بنەمایەكی باش لەقەڵم دا كە نموونەیەكی باشی پەیوەندییەكانە لە ئاستی جیهاندا.
سەرۆكوەزیرانی توركیاش وێرای ئاماژە بە هاوكاریی دوو لایەن بە تایبەتی لە دوای شەڕی سارددا، گوتی: "لە دوای شەڕی سارد توركیا و ئەمریكا بە یەكەوە زۆر كاری هاوبەشیان كردووە بە یەكەوە كێشەكانی جیهانیان چارەسەر كردووە لەوانەش كێشەی بۆسنا كە دوای شەڕی سارد سەریهەڵدا. لە دوای رووداوەكەی 11ی سێپتەمبەر بە یەكەوە رووبەڕووی مەترسی تیرۆریزم و دواتر قەیرانی ئابووری بووینەوە. لە قەیرانی جیهانی ساڵی 2008 بە یەكەوە هەوڵی چارەسەری كێشەكانمان دا لە گرووپی G-20. ئێستاش زۆربەی كێشەكانی جیهان لەوانەش كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین بە یەكەوە هەوڵی چارەسەریی دەدەین".
بایدن وێرای وەبیرهێنانەوەی سەردانی داودئۆغڵو بۆ عێراق و بۆچوونی توركیا لەسەر ئۆكراینا گوتی: "بۆچوونمان لە زۆربەی كێشەكان لێك نزیكە و هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەدەین".
جێگری سەرۆكی ئەمریكا هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە "بە تایبەتی لەو رووداوانە دواییدا و پرسی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر سووریا و عێراق و ئەو تاوانانەی كە رژێمی سووریاش بەرامبەر بە خەڵكەكەی دەیكات، لەگەڵ توركیا لەپەیوەندی و هاوكاریی بەردەوام داین. سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەكۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ناتۆ لەو بارەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا گوفتگۆی كردووە. هەفتەی رابردووش لە كۆبونەوەی بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی G-20 لەسەر ئەو پرسانە خۆم ئالوگۆری بیروڕام لەگەڵ سەركۆماری توركیا كرد".
داودئۆغڵو لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژە بە هاوكاریی پێدانی زانیاریی بە یەكتر و هەوڵە دیپلۆماسییەكان و بوارەكانی سەربازی لە نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن كرد و گوتی: "لە دیدارەكەی بەڕێز بایدن دا لەسەر رێكسختنی بنەمایەكی باش بۆ ئەو پرسانە، هەوڵ دەدەین كە بوارێكی گونجاو بڕەخسێنین. سوپاسی ئەو سەردانەی دەكەم".
جۆ بایدن یش هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە "دەمێكە ناسیاویم لەگەڵ داودئۆغڵو هەیە و بەیەكەوە هاوڕێن. خۆشحاڵم كە توركیا وڵاتی دۆست و هاوپەیمانمانە لە ناتۆ. دۆستەكان یەكتر لە ناخۆشی بەتەنیا جێناهێڵن".
بایدن وەبیری هێنایەوە كە لە كێشەی بۆسنا، توركیا تا چ رادەیەك هاوكاریی دۆخەكە بووە و رایگەیاند: "لە زۆر كێشەی ناوچەیی و جیهانی لەگەڵ توركیا هاوكاریی هاوبەشمان هەبووە. بواری سەربازییمان بەیكەوە زۆر بەهێزە و زۆر متمانەمان بەیەكتر هەیە. دەمەوێ قسەیەكی دیكەش بكەن. دواجار كە سەرۆكوەزیرانم بینی، ئەو كاتە وەزیری دەرەوە بوو، ئێستا پلەیەك بەرزترە و سەرۆكوەزیرانە. لەو بارەوە دەبێ وانەی لێ وەربگرم".