ئەنقەرە
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەیدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە چەندین پرسی گرنگی ئێستای ناو تورکیا و ناوچەکە دا.
سەرەتا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا كە بە بردنەوەی هەدەپە دەسەڵات لە توركیا كەوت، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەو سەركەوتنەی هەدەپە و كەوتنی دەسەڵات، ئێستا لە رێگەی كودەتاوە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێك دەدەن و لە رێگەی حكوومەتی گرووپێكەوە كە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و بەهۆی ئەو سیاسەتانەی سەپاندوویانە، توركیایان تووشی بێ ئومێدی كردووە.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی ئەوەی هەدەپە رێژەی بەنداوی تێپەر كردووە، دەیانەوێت وڵات رووبەڕووی جەنگێك بكەنەوە و گوتی: "دۆخەكە بەو شێوەیە روونە، كەس بەدوای راستیدا نەگەڕێت لەشوێنی دیکە كەس نەڵێت ئەمە ئاگربڕی وەستاند و ئەو ئەمەی كرد، لە دوای كۆتایی هێنان بە رێككەوتنی دۆلمەباخچە و راگەیاندنی دیالۆگەكە، مێزی گفتوگۆیان كۆتایی پێهێناوە و لەو كاتەوە ئامادەكاری ئەكرێت بۆ جەنگ".
دەمیرتاش گوتی: "ئەوانە هەرگیز متمانەیان بە سندووق نەبوو، ئەمانە ئەگەر ئاك پارتی دەرچوایە، ئەوكات رێزیان لە سندووق دەگرت. هیچ كاتێك رێزیان لە سندووق نەگرتووە، تەنیا ئەگەر ئاك پارتی دەرچوو لەسەر سندووق، ئەوا ئیرادەی گەل بەنرخە لەلایان. هەربۆیە ئەو ئیرادەیەی كە لەسەدا ١٣ی بەخشیە ئێمە. هەرگیز لێناگەڕێین زوڵمی لێبكەن. ئەوەی كە دەیانەوێت بیكەن ئەمەیە، رێگە نادەین بە ئاك پارتی وا مامەڵە بكات، كە لە دەسەڵات نەكەوتووە. ئێستا وا دەزانن كە لەجاران بەهێزترن و دەیانەوێت شەرعیەتی سەركەوتنی ئێمە بخەنە ژێر پرسیار".
ئەمانە چارەسەری و دانوستانیان بەجێهێشت، بەقەد ئەوەی دەنگی پێ بێنن، چاوپێكەوتنیان ئەنجام دا، دواتر هەركاتێك ئارەزوویان نەما، چاوپێككەوتنیان بەجێ هێشت. ئێستاش كە لەسەر سندوق دۆراندوویانە، بژاردەی جەنگیان هێناوەتە ئاراوە.
داعش بۆ ئەوان هیچ هەرەشەیەك نییە، كە پێویست بوو دەست دەهێنن بەسەریا.
دەڵێن لەسەر كێشەی كورد وەرن با دانوستان بكەین، دەڵێن: "دانوستانی چی، لەگەڵ كێ دانوستان بكەین، لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیدا نابێت دانوستان بكەیت هەر دەبێت شەڕ بكەیت".
دەمیرتاش لەبەشێكی دیكەی گووتەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كەمپینێكیان لە دژی هەدەپە دەست پێكردووە و دەیانەوێت هەموو تاوانەكە بخەنە ئەستۆی هەدەپەوە و راشیگەیاند كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك لە هەڵبژاردنی پێشوەخت ناترسن.