ھەولێر - حەمید حوسێن
زستان بۆ ئاوارەكان مایەی دەردەسەری و ناخۆشی بوو بەھۆی باران بارین و نزمی پلەكانی گەرما، كەچی بەھاتنی وەرزی ھاوینیش ئاوارەكان لە كەمپەكاندا لە ژیانێكی ناخۆش رۆژەكانیان بەڕێ دەكەن.
لە ھاوینی ئەمساڵ لە ھەرێمی كوردستان و ھەولێری پایتەخت بەتایبەتی پلەكانی گەرمی روویان لە ھەڵكشان كرد كە نزیك دەبێتەوە لە پەنجا پلەی سەدی ئەمەش بۆ ھاووڵاتییان مایەی نارەحەتیە كە وایكردووە كەمتر بچنەدەرەوە یان روو لە ناوچەكانی گەشتیاری و دارستانەكان بكەن.
لای ھاووڵاتییانی ئاسایی ژیان بەو شێوەیە ئاخۆ بۆ ئاوارەكانی ناو كەمپەكان چۆن بێت. چونكە ئەوان بەھۆی خراپی بارودۆخی ژیانیان و مانەوەیان لە كەمپەكاندا توانای ھاتوچۆكردنیان نییە.كەمپی بەحركە یەكێكە لەو كەمپانەی نزیكەی ٧٤٥ خێزانی ئاوارەی سنووری پارێزگای نەینەوا و دەورووبەری تێدایە كە لەدوای شەڕی داعش روویان تێكردووە و ھاووڵاتییانی ئاوارە باس لە نەھامەتیەكانیان دەكەن.
دایكی موئمین پەنابەرێكی تەلەعفەرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە نەھامەتی خۆی لە كەمپەكە دەكات و دەڵێت "ھەرچەندە ژیانی كەمپ بە گشتی زۆر زەحمەتە بەڵام وەرزی ھاوین تاقەتی ئێمەی بڕیوە و ئێمە و منداڵەكانمان لەو كەشە گەرمەدا هەناسەمان لێبڕاوە. ئێمە ١٣ كەس لە خێمەیەكداین كە تەنیا یەك هەواساردكەرەوەی ھەیە و كارەبایەكەش وەك پێویست نییە. داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین كە بە ھانای ئێمەوە بێت و ئاگادارین كە نزیكەی دوو ملیۆن پەنابەر رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە و ئیتر ھەرێم توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەماوە".
منداڵێكی هەشت ساڵان بە ناوی عەلی حامد دەڵێت "ئەوەندە گەرمە كە ھیچ شوێنێك نییە تاكو پەنای بۆ بەرین و خۆمان فێنك بكەینەوە ھەموو شتێك گەرمە بە جۆرێ پەنا بۆ ئاو دەبین ئاویش ھەر گەرمە".
بەڕێوەبەری كەمپی بەحركە ئەحمەد ئەبدۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چەند رۆژێكە زۆر گەرمە خەڵك كە لە نێو خێمەدایە ئەویش وا دەكات بە رۆژ گەرما فشاریان بۆ بێھێنێت، ھەوڵمان داوە و پەیوەندیمان بە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و بەرپرسانی پارێزگای مووسڵ كردووە تا پێداویستی موەلیدەکان لە روون و گازۆلینمان بۆ دابین بكەن تا بتوانین كارەبای زیاتر بە ئاوارەكان بدەین".
لە نیو كەمپەكاندا بە ھۆی نەبوونی كارەبا ئیتر لە نێو خێمە زۆر گەرم دەبێت و ئاوارەكان پەنا بۆ سێبەری دەرەوەی خێمە و دیوارەكان دەبەن و لەوێ دادەنیش تا كۆ شنە بایەك بێت و ئۆخەی فێنكی بكێشنەوە ناو ھەناوی خۆیان. ھەر كەسێك كە دەر دەچێت دەبێت پارچە پەرۆیەك لە سەر سەری خۆی دابنێت تاكو گەرما كاری تێنەكات.