Haydar Karaalp
11 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند، دەکرێت ڕێککەوتنی ئەمنی لەنێوان عێراق و تورکیا واژوو بکرێت، وەک ئەو ڕێککەوتننە ئەمنییەی کە عێراق لەگەڵ ئێراندا واژووی کردووە و ئاماژەی بەوەیشدا کە ڕێگا نادەن لە خاکی عێراقەوە ھێرشی تیرۆریستی بکرێتە سەر تورکیا، وەک ئاماژەیەک بۆ (ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە).
لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند کە عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا ھەیە و گوتی: "پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ تورکیاش زۆر باشە".
ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسی سەردانی ئەنقەرەی کرد و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر پرسەکانی بەرگریی ، ئاسایش و ھاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بواری پیشەسازیی بەرگرییدا تاوتوێ کرد.
- "ڕێگا نادەین ھەندێک لایەن ھەنگاو دژبە تورکیا بنێن"
ئەو بەرپرسەی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێگە نادەن، خاکی عێراق بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێنرێت و ڕایگەیاند، ڕێگا نادەن لە عێراقەوە ھێرشی تیرۆریستی بکرێتە سەر تورکیا.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ گوتیشی: "وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لایەنە دیپلۆماسییەکانمان، دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە (رێککەوتنی ئەمنی) لەگەڵ تورکیا واژوو بکەن وەک ئەو ڕێککەوتننە ئەمنییەی کە لەگەڵ ئێراندا واژوومان کردووە".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕاشیگەیاند: "ڕێگا نادەین ھەندێک لایەن، ھەنگاو دژبە تورکیا بنێن".
دوێنێ سێشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندبوو کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامە بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی دووقۆڵیی، وەک ئەوەی لەگەڵ ئێراندا واژوویان کردووە.