بورسا
وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی فاروق چەلیک رایگەیاند: "بۆ تورکیا گرنگ نییە کێ چی دەڵێ، بەڵکو گرنگ بەرقەراربوونی ئاشتی و برایەتییە."
سەبارەت بە لێدوانی شاندی بەدەپە بۆ گەیاندنی پەیامی ئوجەلان بۆ رای گشتی فاروق چەلیک گوتی: "بۆ تورکیا زیاتر لە لێدوان و پەیامەکان، بەردەوامیی ئاشتی و ئارامی و برایەتی گرنگە."
وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کۆتایی رێوڕەسمی جەژنەپیرۆزەدا کە لە شەقامی ئەتاتورکی بورسا ساز کرابوو رایگەیاند: "درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی، ئارامی، تەبایی و برایەتی لە تورکیا لە ھەر شتێکی دیکە بۆ ئێمە گرنگترە."
ھەروەھا گوتی: "جەژنی ئەمساڵمان لە نێو ئاشتی و تەباییدا پیرۆز کرد، پشت بە خوا ئاشتی و برایەتی لە ناوچەکەمان بەرقەرار دەبێ، کاتێک سەیری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بکەین بۆمان روون دەبێتەوە کە تەنیا شتێک دەتوانین بیکەین ئەوەیە ھیوای بەرقەراربوونی ئاشتی و تەبایی لە ناوچەکەدا پێشکەشی خەڵکانی ناوچەکە بکەین."
فاروق چەلیک ئاماژەی بەوەدا تورکیا دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و نائارامی، ئەمڕۆ گەیشتووەتە برایەتی و ئاشتی و ئەمەیش دەستکەوتێکی زۆر گرنگە، خەڵکی بە گەرمی پێشوازی لە قۆناغی چارەسەر دەکەن، ئەمەیش ھەڵوێستێکی گرنگ و باشە.