Savaş Güler
23 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
قونیا- AA
لە شاری قونیا ئاگر لە خانوویەکدا کەوتەوە کە شوێنی مانەوەی خێزانێکی سووری بوو.
کاتێک دراوسێکان دوکەڵی ئاگرەکەیان بینی، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەیان ئاگادار کردەوە و دەستبەجێ ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بەخێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.
خانووەکە دوو نهۆمی بووە و لە کاتی ئاگرەکەدا، دایک و باوکەکە کە لە نهۆمی خوارەوەبوون توانییان بێنەدەر لە خانووەکە، بەڵام سێ منداڵیان کە لە نهۆمی دووەم بوون گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لە خانووە سووتاوەکە دەرهێندران.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە بەراییەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە بەهۆی زۆپایەکی کارەباییەوە کەوتووەتەوە کە لە نهۆمی دووەم بووە.
باوکی منداڵەکانیش کە هاووڵاتییەکی سووریایە، رۆژانە لەڕێی کۆکردنەوەی پلاستیک و کارتۆنەوە بژێوی ژیانی دابین کردووە.
لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا، منداڵەکان لە نهۆمی دووەم خەوتوون و دایک و باوکەکە لە نهۆمی خوارەوە میوانداری ماڵی مامی منداڵەکانیان کردووە، هەر بۆیە لە سەرەتادا، دایک و باوکەکە ئاگاداری ئاگرەکەی نهۆمی سەرەوە نەبوون تا دراوسێکان ئاگاداریان کردوونەتەوە.