ئەنقەرە
وەزیری دادی توركیا بەكر بۆزداغ لە میانی سەردانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وەڵامی پرسیاری سەرنووسەرانی ئاژانسەكەی دایەوە و لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردەوە بۆزداغ گوتی: "قۆناغی چارەسەری قۆناغێكە كە بە سوودی توركیا و بەگشتی ناوچەکەیە. ئەو قۆناغە، قۆناغێكە كە توركیا لە یەك لە پرسە هەرەگرنگەكانی چارەسەر دەكات بۆیە ئەو قۆناغە، قۆناغێكی مێژوویی زۆر گرنگە و هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە هەتا ئێستا لە توركیا ئیرادەیەك بۆ چارەسەركردن لە ئارادا نەبووە".
بۆزداغ لەبارەی دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەریی و ئەو هەنگاوانەی لەو چوارچێوەیەدا نراون، گوتی: "زۆر كەس و لایەن هەیە كە نایانەوێت ئەو قۆناغە بەسەركەوتوویی بگاتە ئەنجام و لە نێو لایەنی بەرامبەریشدا كەس و لایەنێك هەن لە دژی ئەو قۆناغەن. چونكە رێكخراوی تیرۆریستی ئەمڕۆ تەنیا رێكخراوێكی تیرۆریستی نییە بەڵكو رێكخراوێكە كە هاوكاری لەگەڵ چەندین رێكخراوی جیاجیا هەیە كە بازرگانی بە چەك و مادەی هۆشبەر دەكات. بۆیە ئەو كەسانەی لە نێو رێكخراوی تیرۆریستیدا ئەو كارانە دەكەن ترسیان ئەوەیە كە بە چارەسەر كردنی پرسەكە ئەو دەوڵەمەندییەی لەوێوە بەدەستیان دەكەوێت لە دەستی بدەن. بۆیە هەمیشە دەپرسن كە ئەگەر بێت و كۆتایی بە تیرۆر بهێنرێت ئەوە ئێمە چی بكەین؟ ئەو كەس و لایەنانە هەر ئەو كەسانەن كە چ لە نێو رێكخراوی تیرۆریستیدا، چ لە نێو توركیادا و چە لە شوێنەكانی دیكە بەهۆی تیرۆرەوە هێز و دەسەڵاتی ئابوورییان بۆ خۆیان كۆ كردووەتەوە. بۆیە من پێم وایە كە گرووپ و چینێكی تایبەتی هەیە كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەریی دەدات".
بۆزداغ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی رووداوەكانی جزیرەی كرد و گوتی: "رووداوەكانی جزیرە و سلوپی رەنگدانەوەی هەوڵدانەكانی ئەو كەسانەن كە لە دژی قۆناغی چارەسەرین، توركیا زۆر بە ئاسانی هەستی بەو راستییە كردووە بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئاژاوەگێڕیانە توركیا بەوپەڕی هێزی خۆیەوە پێداگرە لەسەر بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەریی".
بۆزداغ گوتی: "هێزەکانی بیانی نایانەوێت توركیا پرسی تیرۆر چارەسەر بكات و لێی رزگاریی بێت چونكە دەیانەوێت توركیا هەمیشە لە نێو خۆیدا ئاژاوەی هەبێت و وزەی خۆی سەرفی كێشە و گرفتەکانی نێوخۆیی بكات، چونكە توركیایەكی بەو جۆرە زیاتر خزمەتی ئەوان دەكات. ئەگەر پرسی تیرۆر لە توركیا نەبووایە ئەو سەرچاوە داراییانەی بۆ ئەو مەبەستە سەرف كراون سەرفی گەشەپێدان و بووژاندنەوەی توركیا دەكران و بەو جۆرە پێگە و ئێعتیباری توركیا زیاتر دەبوو. چەندین هێز و لایەن هەن كە لە دژی توركیایەكن كە كێشە و گرفت نەبێت، پرسی تیرۆر نەبێت، لە دژی هەبوونی توركیایەكی پێشكەوتوو، گەشە سەندوو و توركیایەكن كە برایەتی و یەكێتی هەبێت بۆیە ئەوانیش بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ تێكدانی ئەو قۆناغە دەدەن. زۆر كەس ولایەنی دیكەیش هەن كە حیساباتی جیاجیایان هەیە بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو چین و هێزانە، قۆناغی چارەسەری بەردەوام دەبێت و سەركەوتوو دەبێت چونكە ئەو قۆناغە بە ئیرادەیەكی بەهێز دەستی پێ كرد وهەتا ئەمڕۆیش بەوپەڕی راستگۆییەوە بەردەوام بووە و بەردەوام دەبێت".
بۆزداغ جەختی لەوە كردەوە كە: "وەزارەتی دادی توركیا بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە سەركەوتوو بێت ئەوەی كەتووەتە سەرشانی درێغی لێ نەكردووە و لەمە بەدواوەیش هەر بەو جۆرە بەردەوام دەبێت، چونكە قۆناغی چارەسەریی پڕۆژەی كۆماری توركیایە بۆیە وەكو هەموو وەزارەتەكانی دیكە، وەزارەتی دادیش ئەوەی بكەوێتە سەرشانی ئامادەیە جێبەجێ بكات".
بۆزداغ بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: "قۆناغی چارەسەریی پڕۆژەیەكەی نەتەوەییە و پڕۆژەیەكە كە بەبێ هیچ جۆرە هاوكاریی و پشتگیرییەكی دەرەكی جێبەجێ دەكرێت بۆیە ژمارەی ئەو كەسانەی لە دژی پڕۆژەكەن یەكجار زۆرە، كورد، تورك و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی توركیا چی دیكە لەگەڵ كەسانی دیكەدا پرسەكانیان چارەسەر ناكەن بەڵكو لە نێو خۆیاندا و لەگەڵ خۆیاندا بە دیالۆگ پرسەكانیان چارەسەر دەكەن".