Zehra Aydın
31 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2016
لەمیانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی "چی روودەدات؟"ی كەناڵی TGRT، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش رۆژەڤەكانی هەڵسەنگاند.
كورتوڵموش لەبارەی قۆناغەكانی دوای ئۆپەراسیۆنەكان لە یوكسێكۆڤا، نسێبین و شرنەخ دوا.
كورتوڵموش گوتی: "رێكخراوە تیرۆریستییەكان بۆ یەكەمجارە لە توركیا لەنێو شارەكاندا شەڕدەكەن. دەبینرێت لە مەشقەكانی كۆبانێ و باكووری سووریا پسپۆڕییان وەرگرتووە. بەڵام لەبەرانبەردا كارەكانی هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەیە كە بۆ یەكەمجارە نیشانی دەدات. بەڕاستی هێزەكانی سەرباز، پۆلیس و هێزە تایبەتەكان بە هەماهەنگییەكی باش و شان بەشانی یەكتر خەباتەكانیان ئەنجام دا. با هاووڵاتییانمان لە جزیر، سلۆپی و سوور دڵنیابن، بەهیچ شێوەیەك زیان بە ماڵ و سامانی هیچ كەس ناگات. ئەوانەی ماڵەكانیان رووخێنراوە، جێگایان بۆ دابین دەكەین بە ئارامی تێیدا بژین".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش وەڵامی بانگەشەكانی پەرلەمانتاری هەدەپە ئیدریس باڵوكەنی دایەوە و بە دوور لە راستییەوە ناویبرد كە دەڵێت، دەوڵەت پەرستگای هاووڵاتییە نامسوڵمانەكان دەڕووخێنێت.
كورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا كە ناوچەی سوور خاوەنی پێكهاتەیەكی مێژووییە و یەكێكە لە گرنگترین ناوەندە كولتورییەكانی ئەنادۆڵو.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە كارەكانی ناوچەی سوور لەچوارچێوەی ئەو پلانە بیناسازییەی لە2012دا پەسەندكراوە ئەنجام دەدرێت.
پەكەكە راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا ئاماژە بەوە كراوە تۆكی بەتایبەتی نێردراوەتە ناوچەكە. لەوبارەوە پرسیار لە كورتوڵموش كرا.
كورتوڵموش گوتی: "دژی هەر كارێكی باشن. لەئێستادا تۆكی لە دیاربەكر و شارەكانی دیکە چەندین خانووی درووستكردووە و درووستی دەكات. بەڵام بەڕوونی دەیڵێم، تۆكی لە ناوچەی سوور هیچ چالاكییەكی نابێت، شوێنەوارە مێژووییەكان یەك بەیەك دەپارێزرێن".
پرسیار لە كورتوڵموش كرا،"ئایا رووبەڕووبوونەوەكانی نسێبین سەختتردەبن؟"
كورتوڵموش گوتی: "لێرەدا لەپێناو رێگرتن لە زیان گەیاندن بە خەڵكی سڤیل و كەمكردنەوەی زیانەكان بۆ نزمترین ئاست، ئۆپەراسیۆنەكان هەنگاو هەنگاو بەڕێوەدەچن. لە جزیریش سەرەتا بەمجۆرە دەڕۆیشت، بەڵام دواتر بە هەڵمەتێكی كاریگەر پاككرایەوە. پشتیوان بەخوا توركیا لەم دۆخە دەدردەچێت و توركیا لە تەواوی رێكخراوە تیرۆریستییەكان پاكدەكرێتەوە".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا كورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا سبەی هەینی سەرۆكوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو بەیاوەریی هەریەك لە وەزیری گەشەپێدان جەودەت یڵماز، وەزیری ژینگە و شارسازی فاتمە گیولدەمەت و وەزیری كولتور و گەشتوگوزار ماهیر ئوناڵ سەردانی ناوچەی سوور دەكات و كارەكانی شارۆچكەكە تاوتوێ دەكەن.
كورتوڵموش گوتی: "سوور شوێنێكە كە گرنگیی زۆری پێ دەدەین. یەكێكە لە گرنگترین نشینگەكانی توركیا لەڕووی كولتورییەوە. خاوەنی مێژوویەكی هەزاران ساڵییە و شاری پێغەمبەرانە. لەبەرئەوە چی پێویست بكات بۆ ژیانەوەی ئەو پێكهاتە كولتورییە ئەنجام دەدرێت."