Leyla Ataman Koyuncuoğlu,Hemın Othman Mohammed
01 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2016
ئەنتاڵیا - AA
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە رابردوو باشتر بکەین و، زیاتر قوڵیان بکەینەوە و، ھاریکارییەکان لە ھەموو بوارێکدا بەھێز بکەین. ئیدی ئێمە نامانەوێت باس لە قۆناغی پێش و پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بکەین".
پێنجەمین کۆبوونەوەی گڕوپی پلاندانانی ستراتیژی ھاوبەشی تورکیا-رووسیا، بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و، ھاوتا رووسییەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ بەڕێوەچوو. وەزیرانی ھەردوو وڵات، پلانی کاری راوێژکاری ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨ واژووکرا.
دوای کۆبوونەوەکە کە بەداخراوی بەرووی راگەیاندندا بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش سازکراو و، تیایدا چاوشئۆغڵو خۆشخاڵی خۆی دەربڕی کە لە تورکیا، لە ئەنتاڵیا و شاری خۆی ئاڵانیا پێشوازی لە لاڤرۆڤ کردووە.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھاریکاری ستراتیژی لە ئاستی باڵادا، کە لەنێوان سەرکردەکانی ھەردوو وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، ئەوەشی خستەڕوو کە پلانیان داناوە لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا، ئەو کۆبوونەوەیە لە رووسیا ئەنجام بدەن.
چاوشئۆغڵو ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە ھەفتەی داھاتوودا سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم، سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی رووسیا، دیمیتری مێدڤێدیڤ و، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ڤلادیمێر پوتین کۆدەبێتەوە و، گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە رابردوو باشتر بکەین و، زیاتر قوڵیان بکەینەوە و، ھاریکارییەکان لە ھەموو بوارێکدا بەھێز بکەین. ئیدی ئێمە نامانەوێت باس لە قۆناغی پێش و پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بکەین".
مەولود چاوشئۆغڵو، جەختی لەوە کردەوە کە وەک وەزیرانی ھەردوو وڵات ھەوڵ و تەقەلایان لەو بارەیەوە خستووەتە گەڕ، ئەوەیشی وەبیرھێنایەوە کە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا توانایەکی جددی ھەیە و، ئامانج ئەوەیە قەبارەی بازرگانی نێوانیان لە ٢٠٢٣دا بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.
وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوشئۆغڵو، باسی لەوە کرد کە پێویستە لەپێناو گەشەسەندنی قەبارەی بازرگانیدا بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی ھەڵبگیرێن و، گوتی: "لەو بارەیەوە رووسیا چەن ھەنگاوێکی ناوە، بەربەستەکانی ھەڵگرتووە".
چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە گەشتیارانی رووس زیاتر روو لە ئەنتاڵیا دەکەن، ویستی خۆیشی خستەڕوو کە ڤیزا ھەڵبگیرێت و تەنانەت بەبێ پاسپۆرت ھاووڵاتیانی رووسیا بتوانن تەنھا بە ناسنامەوە سەردانی تورکیا بکەن.
مەولود چاوشئۆغڵو، بەپێویستی زانی راوێژەکان سەبارەت بە ئاسایش درێژەیان ھەبێت و، گوتی: "یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکان لە ھەوڵەکانی نێوان ھەردوو وڵات ھاریکارییە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایش".