Tuğçenur Yılmaz,1 23
15 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، حامی ئاكسۆی له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی په‌كه‌كه له عێراق، رایگه‌یاند: "تاكو رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له سه‌ر خاكی عێراق خۆیان داڵده بده‌ن له میانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه به‌رده‌وام ده‌بن".
حامی به‌شێوه‌ی نووسراو وه‌ڵامی پرسیارێكی دایه‌وه له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی په‌كه‌كه له عێراق و بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا له به‌غدا، فاتیح یڵدز له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه.
ئاكسۆی به سه‌رنجڕاكێشان بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانێكه رێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه له ناو خاكی عێراق جێگیر بووه و ئه‌وێ وه‌ك بنكه بۆ هێرشكردنه سه‌ر توركیا به‌كارده‌هێنێت، ده‌شڵێت: "به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیمان گیانی له‌ده‌ست داوه. چالاكییه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه له عێراق و سووریا بۆ توركیا بووه‌ته پرسی ئاسایشی نیشتمانی".
ئاكسۆی تیشكی خستۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار ئه‌وه‌یان دووپاتكردۆته‌وه كه پێویسته حكوومه‌تی عێراق به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵبستێت بۆ رێگریكردن له چالاكییه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه، ده‌ڵێت:
"ماده‌ی حه‌وته‌می ده‌ستووری عێراق، به‌رپرسیارێتیی رێگریكردن له به‌كارهێنانی خاكی عێراق وه‌ك سه‌ربازگه بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ، ده‌خاته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقه‌وه".
ئاكسۆی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه توركیا له‌چوارچێوه‌ی بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له دراوسێیه‌تی و دژایه‌تیی تیرۆریزمدا، به‌به‌رپرسیارێتیی خۆی هه‌ستاوه و به‌م تێگه‌یشتنه‌وه هه‌موو پشتگیرییه‌كی عێراق كردووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوه تیرۆرستییه‌كاندا.
ئاكسۆی رایگه‌یاندووه، چاوه‌ڕوانی پشتگیری و هه‌ماهه‌نگیی عێراق ده‌كه‌ن به‌هه‌مان تێگه‌یشتنه‌وه و ده‌ڵێت،
"ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی عێراق له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ئه‌وه‌ی پێویست بێت ئه‌نجامی نه‌ده‌ن، سوپاكه‌مان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و مافه‌ی ماده‌ی 51ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌رگری له‌خۆكردن ده‌سته‌به‌ری كردووه، به‌رپه‌رچی هێرش و په‌لاماره‌كانی په‌كه‌كه ده‌داته‌وه كه له‌خاكی عێراقه‌وه ئه‌نجامبدرێت. 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2018 سوپای توركیا له‌ئۆپه‌راسیۆنێكدا له شنگال و چیای قەرەچوغ گورزێكی توندی له رێكخراوی تیرۆریستیی په‌كه‌كه وه‌شاندووه. له‌كاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا، هه‌وڵی ته‌واو دراوه خه‌ڵكی سڤیل زیانی به‌رنه‌كه‌وێت. تاكو رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له سه‌ر خاكی عێراق خۆیان داڵده بده‌ن له میانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه به‌رده‌وام ده‌بن".