وان
ھاوسەرۆکی ھەدەپە فیگەن یوکسەکداغ گوتی: "ئەگەر بێت و جەھەپە و مەھەپەیش ھاوپەیمانی ساز بکەن ئەوە دەبێت مەرجێکی سەرەکی جێبەجێ بکەن و ئەو مەرجە سەرەکییەیش جێبەجێ کردنی ئەرکی خۆیان لەبارەی قۆناغی چارسەری و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە تورکیایە".
یوکسەکداغ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دامەزراندنی حکوومەتەوە گوتی: "هەفتەی داھاتوو رێوڕەسمی سوێندخواردن لە پەرلەمان دەست پێ دەکات و سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش ئەرکی پێکھێنانی حکوومەت دەداتە ئەحمەد داودئۆغڵو".
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا گوتی: "دوای راسپاردنی ئەوە داودئۆغڵویش بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەست بە دانوستان و ھەوڵدان دەکات، ئێمە داوای ئەوە دەکەین بە زووترین کات لە تورکیا حکوومەت دابمەزرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەی پێشکەشکردنی ھەر جۆرە ھاوکارییەکین. ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا پێویستی پێیە ھەڵبژاردنی پێشوەخت نییە و حاڵی حازریش لە بەردەم دامەزراندنی حکوومەتێکی ھاوپەیمانی ھیچ جۆرە ئاستەنگییەک نییە بۆیە پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت پرسی سەرەکی رۆژەڤی تورکیا نییە چونکە پێداویستی تورکیا ئەمە نییە. ئەو شتەی کە پێویستی تورکیای پێ نەبێت ئەوە ناکەوێتە رۆژەڤی تورکیاوە بۆیە لەبەر ئەم ھۆکارانە ئێمە بژاردەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت رەتدەکەینەوە و بۆ ئەوەی بەخێرایی حکوومەتێکی ھاوپەیمانی دابمەزرێت ھاوکاری پێویست پێشکەش دەکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لەسەر داوای ئوجەلان ھەدەپە لەگەڵ ئاکپارتی ھاوپەیمانی دەکات یا نا؟ یوکسەکداغ گوتی: "بەداخەوە لە پێنج نیسانەوە تا ئەمڕۆ ھیچ جۆرە دیدار و چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ ئوجەلاندا کە خزمەتێکی باشی دیموکراسیەتی تورکیا کردووە نەبووە، بە ئەنقەست دەیانەوێت تورکیا بخەنە نێو ئاژاوە و نائارامییەوە و ئەمەیش بەراستی بەبێ ھیچ شک و گومانێک نیشانەی ئەوەیە کە داوای ئاژاوە و ئاڵۆزی دەکرێت چونکە ھەموو فاکتەرەکانی نانەوەی ئاژاوە ئازاد دەکرێن و ھەموو ئەو فاکتەر و ئاکتەرانەی کە دەبنە ھۆی نانەوەی ئاژاوە و ئاڵۆزی سەربەست دەکرێن بەڵام لە بەرامبەردا ئەو فاکتەرە سەرەکییە کە دەتوانێت ھاوسەنگی ساز بکات لەگەڵ ناوەند پەڕاوێز دەخرێن، بێگومان سوودمەندی ئەم سیاسەتانەی پەڕاوێز خستن ھەیە و سەبریش رادە و سنوورێکی ھەیە".