Ramal Mahmood
23 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2016
ماردین
هاووڵاتییانی شاری ماردین لەمیانی بەشداریکردن لە چالاکی "ئاسوودەیی و پێکەوەژیان" بە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا ئیدانەی هێرشەکانی پەکەکەیان کرد.
هاووڵاتییان بە تەواوی جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و کولتوورییەکانەوە بەشدارییان لەم چالاکییەدا کرد، ئەم چالاکییە لەلایەن ٥٢ رێکخراو، کۆمەڵە و سەندیکا بە سەرپەرشتی "پلاتفۆرمی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ماردین" رێکخرا. بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا، هوتافەکانی "بژی تورکیا"، "هەموومان پۆلیس و سەربازین"، "گیانم فیدات ئەی نیشتیمان"، "خوا سزات بدات پەکەکە"، "شەهیدان نامرن و وڵات دابەش نابێت"، "تورک و کورد بران، پەکەکە قێزەونە" دەگوتەوە.
چالاکییەکە بەگرتنەبەری رێوشوێنی توند ئەمنی بەڕێوەچوو، هاووڵاتییانی تورک، کورد، عەرەب و سریانی بە زمانی خۆیان دروشمیان بەرزکردبووەوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانیش بە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا لەسەر ماڵەکانیان پشتگیری چالاکییەکەیان کرد.
پارێزگاری ماردین، موستەفا یامان یەکێک بوو لە بەشداربووانی چالاکییەکە، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کە خەڵکی ماردین بە تەواوی جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و کلتوورییەکانەوە برای یەکن و پەکەکە ناتوانێت لەیەکتریان داببڕێت. گوتی: "خەڵکی ماردین بە تەواوی جیاوازییەکانەوە هاوشێوەی جەنگی ئازادی لە ١٥ی تەمووز و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەڵوێستی یەکگرتوو و نیشتیمانپەروەری خۆی نیشاندا".
پەرلەمانتاری ماردینی ئاک پارتی ئۆرهان میرئۆغڵو کە بەشداری چالاکییەکەی کردبوو، گوتی: "سڵاو بۆ گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان دەنێرم کە لە هێرشەکانی ئیستانبوڵ و قەیسەری گیانیان لەدەست دا. هاووڵاتییانمان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە رێگە نادەن تیرۆریستان زیان بەو وڵاتە بگەیەنن".