Fuat Kabakcı
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
ئەنقەر – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، تورکیا ناچار نییە لایەنگری هیچ لایەک بکات لەو شەڕەی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا دەگوزەرێت و گوتی: "تورکیا وڵاتێکە دەیەویت لەگەڵ هەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا، بەردەوامی بدات بە پەیوەندی و رێککەوتنەکانی".
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە پڕۆگرامێکی راستەوخۆی کەناڵی "Habertürk" وەڵامی چەندین پرسیاری لەبارەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و رۆژەڤەوە دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی رووسیا لە پلانیدایە لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر چەندین شاری گرنگی ئۆکراینا دابگرێت و گوتی: "هەر لە دەستپێکی ئەم شەڕەوە ئێمە لەگەڵ وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست بووین و هەوڵیشماندا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئاگربەست رابگەیەندرێت. لە پەیوەندی دابووین لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵات و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بابەتی وەستاندنی شەڕەکەدا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزیشدا لە پەیوەندیداین".
چاوشئۆغڵو ئاشکرای کرد، تورکیا لە بابەتی دەستپێکردنی دانوستانەکاندا هاوکاری و پاڵپشتی خۆی بۆ هەردوو لا دەربڕیووە و گوتی: "لەگەڵ لایەنەکاندا لە پەیوەندیداین و زانیاری وەردەگرین. بەپێی دوایین روونکردنەوەکان کە پێمانگەیشتووە، پێویستە پێشهاتەکان لەبارەی دانوستانەکان بە پارێزراوی بمێننەوە. بۆیە ناتوانم لەم بارەیەوە وردەکاری بدەم".
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە بارەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا گوتی: "تورکیا وڵاتێکە لەکاتی بوونی هەر شەڕوپێکدادان و گرژی و ئاڵۆزییەکدا لەگەڵ وەستانی شەڕ و چارەسەری قەیرانەکان بووە لە رێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە. بۆیەش لەو شەڕەی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا نیازی لایەنگریکردنمان نییە. لە ئەگەری بوونی هەر هەڵەیەکدا ناچارین بڵێین کە ئەوە هەڵەیە. هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا، تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەورووپادا لە ٢٥ی شوبات دەنگی خۆی دژی رووسیا بەکارنەهێنا و گوتی: "لەبەر ئەوەی بە پەسندکردنی ئەو بڕیارە رووسیا مافی نوێنەرایەتیکردنی نامێنێت لە ئەنجوومەنەکەدا کە نەبوونی نوێنەری رووسیا لەم ئەنجوومەنەدا بە واتای خواردنی مافی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دێت. له کۆتاییدا ئێمە نامانەوێت گفتوگۆ و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێت".
- رەتکردنەوەی پێشنیازی بەکارنەهێنانی گەرووەکانی تورکیا لەلایەن رووسیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لەم بابەتە بەم شێوەیە دوا: "تاوەکو ئەمڕۆ گوتومانە تورکیا پابەندە بە رێککەوتنی مۆنترۆ، ساڵانی رابردووش لەلایەن رووسیاوە رووبەڕووی رەخنە بووینەوە لەبارەی ئەوەی پابەندین بە رێککەوتنی مۆنترۆ. بەپێی رێککەوتنی مۆنترۆ مافی تێپەڕبوون بە گەروەکان و ماوەی مانەوەی کەشتی ئەو وڵاتانەی لە دەریای رەش هەڵکەوتوونەوە دیاریی کراوە. هەروەکو بۆ هەموو لایەک روونە، لەئێستادا شەڕێک دەگوزەرێت. لەم بارودۆخەدا کەشتی جەنگیی رووسیا کە لایەنێکە لە لایەنەکانی شەڕەکە بەگەرووەکانمان پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیە. لەبەر ئەوەی هەر بەپێی یەکێک لە دەقەکانی ئەم رێککەوتنە تێپەڕبوونی کەشتی جەنگیی وڵاتانی شەڕکەر بە گەرووەکانمان رێگە پێ نەدراو و قەدەغەیە. بۆیە ئێمەش پێویستە پابەندی ئەم رێککەوتنە ببین. ئەمەمان بۆ گشت وڵاتان و تەنانەت رووسیاش روونکردووەتەوە. تەنها لە بارودۆخێکدا رێگەپێدراوە کەشتی جەنگیی وڵاتی شەڕکەر بە گەرووەکانماندا تێبپەڕێت ئەویش ئەوەیە بەرلە دەستپێکردنی شەڕ کەوتبێتە رێگە و دواتر بڕیاری گەڕانەوەی بۆ بەندەری ئاوی وڵاتەکەی دابێت رێگە دەدرێت بە گەرووەکاندا تێبپەڕبێت. دوا جار لە ٢٧-٢٨ی شوبات، رووسیا تێپەڕبوونی چوار کەشتی بە گەرووەکانمان راگەیاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشت سێ لەم کەشتییانە سەربە دەریای رەش نەبوون. بۆیە دەست بەجێ رووسیامان ئاگادار کردەوە لەوەی ئەو سێ کەشتییە نەنێرن، رووسیاش بەڵێنی نەناردنی ئەو کەشتییانەی بە تورکیادا. لێرەدا پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە تورکیا تا ئەوکاتەی رێککەوتنی مۆنترۆ کاری پێ بکرێت پێیەوە پابەند دەبێت".
- هەشت هەزار و ٥٠ هاووڵاتیی تورک کە نیشتەجێی ئۆکراینا بوون گەڕێندرانەوە تورکیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "لە میانی هەوڵەکانمان بۆ هینانەوەی هاووڵاتییانمان لە ١٢ی شوباتەوە لە رێگەی نامە و تەلەفۆنەوە لە پەیوەندی دابووین لەگەڵ ١٦ هەزار هاووڵاتیی تورک. لەم رێگەیەوە بە هاووڵاتییانمان راگەیاند لە ئەگەری نەبوونی کارێکی بەپەلە سەردانی شارەکانی بەشی خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە نەکەن و لە ٢٢ی شوباتەوەش هۆشداریمان داوە لەوەی هاووڵاتییانمان بەزووترین کات ئۆکراینا جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە تورکیا".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا لەوکاتەوەی شەڕ دەستی پێ کردووە توانیویانە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی تورک بگەڕێننەوە و گوتیشی: "دوای داخرانی رێگەی ئاسمانیی و ئاوی لە ئۆکراینا هەوڵەکانمان خستەگەر بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییانمان بە رێگەی وشکانی. بە هەژمارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دوێنێ بەڕێکەوتوون تا ئێستا، توانیومانە هەشت هەزار و ٥٠ هاووڵاتی بگەڕێنینەوە تورکیا".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "پێشبینی دەکەین لەئێستادا زیاتر لە حەوت هەزار هاووڵاتیی تورک لە ئۆکراینا مابن بگەڕێنەوە تورکیا. لە رۆژانی داهاتوودا، هەوڵەکانمان بەردەوامی دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەمانیش".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە تورکانەی لەو شوێنانەی شەڕ لێی بەردەوامە نیشتەجێن لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا لە پەیوەندیدان.
چاوشئۆغڵو سەبارەت لێدوانی سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی پڕۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا کە دوێنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دابووی، ئاماژەی بە گرنگی تورکیا لە ئەندامبوونی لە ناتۆ و رۆڵی تورکیای بۆسەر ئاساییشی ئەورووپا کرد و گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا هەوڵ دەدات زیاتر بەربەست بخاتە بەردەم تورکیا. ناڕەزایی سەرکۆماریشمان (رەجەب تەیب ئەردۆغان) ٚهەرئەمەیە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی رەخنەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە میانی لووتکەی ئاساییش کە لە کۆشکی کۆماریی رێکخرابوو بەم شێوەیە دوا "لێدوانەکانی ئەمڕۆی کڵچدارئۆغڵو زۆر نامۆ بوو. لە ئەگەری بوونی هەر پێشهات و قەیرانێکدا سەرکۆمار ئەردۆغان بانگهێشتی بەرپرس و هاوکارانی دەکات و راوێژایان پێ دەکات. هیچ شتیک نامۆ لەمەدا نابینم. بە هەمان شێوەش لەبارەی کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کۆبوونەوە رێکخراوە و گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕە بۆسەر تورکیا کراوە. نامۆیی ئەمە لە کوێدایە؟ لەکاتێدا لەم بارودۆخە سەختەی پێیدا تێپەڕدەبین هەموولایەک پاڵپشت و سوپاسگوزاری خۆڕاگری تورکیایە، لەولاوە ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە لایەنی دەسەڵاتدار و سەرکۆمارمان دەگرێت".