Betül Yürük
18 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2022
نیویۆرک - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند ''خوازیارین کێشەکانمان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکەین. کۆبوونەوەکەی رۆما و کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و سەرکۆمارمان کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو لەو رووەوە''.
مەولود چاوشئۆغڵو کە بەمەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لە شاری نیویۆرکی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی تورک-ئەمریکی کۆبووەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لەوە کرد، جیهان بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە و رووبەڕووی پێکدادان و قەیران بووەتەوە، بە داخەوە ئەو جەنگ و پێکدادانەش لە جوگرافیایەکدایە کە تورکیای تیادایە.
چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە کاتێک پەتای کۆرۆنا تەواو بوو، جەنگی ئۆکراینا دەستی پێ کرد و هێشتا کێشەکانی ناوچەکە درێژەیان هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئەنجامداوە و گوتی:
''خوازیارین کێشەکانمان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکەین. کۆبوونەوەکەی رۆما و کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و سەرکۆمارمان کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو لەو رووەوە. لەسەر داوای بەڕێز بایدن، میکانیزمێکی ستراتیجییمان دامەزراند. ئامانجی ئەو میکانیزمە کارکردنە لەسەر چۆنیەتی پێکەوە کارکردن یان چارەسەرکردنی بابەتەکانە لە پەیوەندی دووقۆڵیی و ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن کە بەهۆیانەوە بۆچوونی جیاوازمان لەبارەیانەوە هەیە ''.