دیاربەکر
وەزیری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا مەھدی ئەکەر لە میانی مەراسیمی پیرۆزبایی جەژنی قوربان لەگەڵ بەرپرسانی شاری دیاربەکر رایگەیاند: جەژنی قوربان لە جیھانی ئیسلام و مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەم و ھیوادارم جەژنی قوربان ببێتە خێر و بەرەکەت، ئارامی، ئاستی و تەبایی و برایەتی.
مەھدی ئەکەر باسی ھەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کرد و گوتی "لە قۆناغی چارەسەر و پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیادا حکومەت ھەنگاوی زۆر گرنگی ناوە، بەڵام مەھەپە شتێک دەڵَێ، جەھەپە و بەدەپەیش شتێکی دیکە دەڵێن و ئەو شتانە زۆر گرنگ نین، چونکە بەلای حکومەتەوە تەنیا قسەی خەڵک گرنگە."
مەھدی ئەکەر رایگەیاند: حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ھەنگاوی گرنگی ناوە، چونکە ئامانجمان چارەسەرکردنی ئەو پرسەیە نە ئاڵوزترکردنی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک شارەوانی دیاربەکر کاندید کردووە؟ مەھدی ئەگەر گوتی: ئەو ھەواڵانەی لەو بوارەدا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە راستی، چونکە من خۆم بۆ ئەو پۆستە کاندید نەکردووە.
لەبارەی رەخنەکانی سەر پاکێجی دیموکراسی و لێدوانەکانی ئیمراڵیشدا مەھدی ئەکەر رایگەیاند: ئەگەر رەوا بێ، بەدەپە پارتییەکە لەسەر پرسی کورد سیاسەت دەکات و زۆر بە شێوەیەکی تاکتیکی سەیری پرسەکە و پرۆسەی ئاشتی دەکات، بەڵام حکومەت ھەڵوێستی بەو جۆرە نییە.
ھەروەھا گوتی "کاتێک ١١ ساڵ پێش دەستمان پێکرد وردە وردە ھەوڵمان بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد داوە و ئێستەیش سوورین لە سەر ئەو ھەنگاوانە، داواکاریی خەڵک چییە ئێمە ھەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان دەدەین".
مەھدی ئەکەر رایگەیاند: بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد، زۆر بە بوێری ھەنگاومان ناوە، ئەو ھەنگاوانەیش تا ئێستا نراون لە مێژووی کۆماری تورکیادا وێنەیان نییە، ئامانجی ئێمە چارەسەری پرسی کوردە نە ئاڵۆزترکردنی ئەو پرسە و نانەوەی کێشەی دیکە.
لە بارەی پاکێجی دیموکراتیزەکردنی تورکیایشەوە ئەکەر رایگەیاند: ئەو پاکێجە یەکەمین و دوایین پاکێج نییە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە خەڵک لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتدا بە بەختەوەری و سەربەرزی بژین.