Muhammet Ali Kemal
30 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
دوای ئەوەی لە دیاربەکر رەخنەی لە هەدەپە گرت و لەسەر ئەوە لێی درا، مەهمەت کاراکوشی هونەرمەندی کورد کە بە "چیاگەر" ناسراوە، رایگەیاند: ''ناچارم لەو شوێنەی لێی لەدایکبووم و ساڵانێکی زۆر لێی ژیاوم کۆچ بکەم. ئەو هەڵانەی بەرامبەر هونەرمەندێک کراوە کە خزمەتی بە زمانی کوردی و خاوەندارێتیی لە کولتووری کوردی کردووە لەبەرچاوە. زۆر ئازاربەخشە بەڵام ئەوە دەڵێم کە ناچارم دیاربەکر جێبهێڵم''.
چیاگەر لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بەهۆی رەخنەکانییەوە لە هەدەپە و پەکەکە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە پێشتر پەیوەندیی هەبووە، پەیوەندییەکانی تێکچوون و رایگەیاند: ''ئەوەی کە من باسم کردووە ئەو شتانە بووە کە لە نێو هەدەپە و پەکەکەدا روویان داوە. من ساڵانێکی زۆر خزمەتم کردووە. باوکمم لەدەست دا. سەر و ماڵم لەم پێناوەدا دانا. لەڕووی هونەری، کولتووری و سیاسییەوە خزمەتی زۆرم کردووە بەڵام کاتێک دژمندارییەکانیانم دیت و کاتێک ئەوەم بینی کە زیانیان بۆ گەلی خۆیان هەیە، هەستام راستییەکانم روون کردەوە''.
چیاگەر جەختی لەوەکردەوە ئەگەر هەڵەکان ببینی و بێ دەنگ بیت ئەوە کارێکی دروست ناکەیت و گوتی: ''کورد میللەتێکی مسوڵمانن. کوردەکان مرۆڤگەلێکن کە خاوەندارێتی لە ئایین، داب و نەریتەکانیان دەکەن بەڵام پەکەکە، هەدەپە و ژمارەیەک لە دەوڵەتان ویستیان ئەو بەهایانە بشێوێنن کە گەیشتمە ئەوەی هەست بکەم هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان دابەش بکەن، بە ئەرکی خۆمم زانی خەڵکی لێ ئاگادار بکەمەوە. ئەوەم بینی کە لە تورکیا هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم هیچ رەگەز و نەتەوەیەکدا نەماوە. ئەی ئیتر بۆچی بەخواستی وڵاتانی دیکە نیشتمانەکەی خۆمان تێک بدەین، بۆچی ئەم وڵاتە پەلکێشی نێو ئاگر بکەین و لاوازی بکەین. دوای گوتنی ئەمانە هێرشم کرایە سەر. دواتریش چارەسەریی پزیشکیم وەرگرت''.
- ''ناچارم دیاربەکر جێبهێڵم''
ئەو هونەرمەندە باسی لەوەکرد کە هونەرمەندێکی ئەفسانەی وەک شوان پەروەریش بەرەوڕووی هێرشی پەکەکە بووەتەوە و گوتی: ''پێویستە هاوکاری ئەو چینە نەبین کە لایەنگری توندوتیژین''.
چیاگەر باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی هێرشی کراوەتە سەر ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان پشتیوانییان لێ کردووە و کاردانەوەیان بەرامبەر بەو چینە نیشان داوە کە توندوتیژییان نواندووە.
ئەو هەروەها زیاتر دوا و گوتیشی: ''ناچارم لەو شوێنەی لێی لەدایکبووم و ساڵانێکی زۆر لێی ژیاوم کۆچ بکەم. ئەو هەڵانەی بەرامبەر هونەرمەندێک کراوە کە خزمەتی بە زمانی کوردی و خاوەندارێتیی لە کولتووری کوردی کردووە لەبەرچاوە. زۆر ئازاربەخشە بەڵام ئەوە دەڵێم کە ناچارم دیاربەکر جێبهێڵم''.
ئەو هونەرمەندە کوردە نەیشاردەوە کە بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکرێت و یەکسەر لەدوای ئەوەی هاتووەتە ئیستانبوڵ ماڵەکەی لە دیاربەکر تاڵان کراوە و رایگەیاند: ''ئەو چینە من بە ناپاک لەقەڵەم دەدەن و بەو جۆرە هەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکەن. بەردەوامن لەسەر گوتە و هەڵویست و بڵاوکراوەکانیان لەوبارەیەوە. دوای ئەوەی من هاتمە ئێرە ماڵەکەم تاڵان کرا. ئەوەم پێدەڵێن کە چیتر من لە دیاربەکر جێگەم نابێتەوە و ئەوان نایانەوێت من ببینن لەوێ. لەبەرئەوەی هەموو کاتێک ئەگەری ئەوە هەیە زیانم پێ بگەیەنن، بەناچاریی شارەکەم جێ هێشتووە. بۆ ئەوەی پارێزراو بم، ناوی ئەو شارە ناڵێم کە لێی نیشتەجێ دەبم. بەڵام لە دیاربەکر نامێنم و ماڵئاوایی لێ دەکەم. بەردەوامیش دەبم لە کارە کولتووریی و هونەرییەکانم''.