Muhammet Ali Kemal
03 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2015
یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش رایگەیاند: "ئەوەی ئەم پرۆسەیەی (پرۆسەی چارەسەری) تێكدا رێخكراوی تیرۆریستی بوو. ئەوەی هەوڵدەدات توركیا بگەڕێنێتەوە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو رێكخراوی تێرۆریستییە. ئێمە لەهەموو بارودۆخ و مەرجێكدا داوای كۆتایی هێنان بە تێرۆر و فڕێدانی چەك دەكەین، ئەوەمان ئامانجە. ئەمە كارێكی دیكەیە بەڵام ئێمە لە هەموو بارودۆخ و لەهەر مەرجێكدا، بەهەموو هێزی خۆمانەوە بەرگری لە ماف و شەرەفی هەموو ئەو برا و خوشكانەمان دەكەین كە لەم وڵاتەدا دەژین".
كورتوڵموش بەشداری لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی (TGRT) هابەر دا كرد و وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە رۆژەڤ دایەوە.
كورتوڵموش لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەنجامی پرۆسەی برایەتی و یەكێتی نیشتمانی، ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەو پرۆژەیە گرنگییەكی ئێجگار زۆری بۆ توركیا هەیە". باسی لەوە كرد كە "توركیا ماوەی نزیكەی ٣٧ ساڵە بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە و نزیكەی ٤٠ هەزار كەسی مەدەنی لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار كەس شەهید بوون و كاریگەرییەكی زۆر بەهۆی ئەو شەڕەوە كەوتووەتە سەر توركیا و چیتر پێویستە كۆتایی بە تیرۆر بێت". جەختی لەوەش كردەوە كە هەر لەبەر ئەمەیە ئیرادەی سیاسیی هاتووەتە ئاراوە و سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو سەردەمەدا بەلەئەستۆ گرتنی لێپرسراوێتییە سیاسییەكەی، ئەم پرۆسەیەی دەست پێ كرد.
نومان كورتوڵمش ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەتەكانی ئاك پارتی ئەمەیان كردە پرۆسەیەكی یاسایی و دواتر بەم شێوەیە درێژەی بەقسەكانیدا: ''ئیرادەیەكی سیاسیی بوونی هەیە كە ئەم پرۆسەیەی دەوێت، ئیرادەی گەلیش بوونی هەیە. ئیرادەیەكی گەورە هەیە كە دەیەوێت چەكەكان بێدەنگ بن، بۆمبەكان چیتر نەتەقنەوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ژمارەیەك خانەی تاریك بوونیان هەیە كە دەیانەوێت جەنگ بەردەوام بێت، مرۆڤەكان بكوژرێن. بەشێك لەمانە رێكخراوی تیرۆریستین، بەشێكی دیكەیان ئەو ناوەندە سیاسییانەن كە بەرژەوەندییان لەوكردەوانەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییانەدا هەیە. كێ كۆبوونەوەكانی ئۆسلۆی بۆچی ئاشكرا كرد؟ لەرووی لۆجیكەوە لە نێوان ئەوانەی كە كۆبوونەوەكانی ئۆسلۆیان ئاشكرا كرد و ئەوانەی لە نسێبین خەندەق هەڵدەكەنن، هیچ جیاوازییەك نییە. لەدوای ئەوەش ئەو دیمەنانەی لە پاش خابوور ئاشكرا بوون، ئاژاوەگێڕییەكانی ئەوێ، دواتریش رووداوەكانی ٦-٨ی تشرینی یەكەم و پاشان ئەو دیمەنی تیرۆرەی لەدوای ٢٠ی تەمووزەوە هاتە ئاراوە. كاتێك تەماشای هەموو ئەمانە دەكەیت، لەهەموویاندا ژمارەیەك ناوەندی ناپاك هەیە. ئێمە لەكاتێكدا لەسەر رێگەی خۆمان بەردەوام بووین رێكخراوی تیرۆریستی جارێكی دیكە دەستی بەبەكارهێنانی تفەنگەكان كردەوە. زۆر بەروونی دەیڵێم، ئەوەی كە پرۆسەكەی تێكدا ئەوە رێكخراوی تیرۆریستییە. ئەوەی هەوڵدەدات توركیا بگەڕێنێتەوە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو رێكخراوی تیرۆریستییە. ئێمە لەهەموو بارودۆخ و مەرجێكدا داوای كۆتایی هێنان بە تیرۆر و فڕێدانی چەكەكان دەكەین، ئەوەمان ئامانجە. ئەمە كارێكی دیكەیە بەڵام ئێمە لە هەموو بارودۆخ و لەهەر مەرجێكدا، بەهەموو هێزی خۆمانەوە بەرگری لە ماف و شەرەفی هەموو ئەو برا و خوشكانەمان دەكەین كە لەم وڵاتەدا دەژین. ناهێڵین ئەم هاووڵاتییانەمان لەسایەی تیرۆر و چالاكییەكانیاندا تووشی دەردەسەری ببن''.