Muhammet Ali Kemal
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەت نومان کورتوڵموش گوتی: "بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی برایانی دووکاندارمان ژمارەیەک هەنگاو دەنرێت. ئەو هەنگاوانە بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان لە زۆرێک لە بوارەکانی دواکەوتنی قەرزەکانی باج و قەرزەکانی دیکە دەگرێتەوە".
کورتوڵموش لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو بەڕێوە دەچوو لە کۆشکی چانکایا، روونکردنەوەی بە رۆژنامەنووسان دا.
نومان کورتوڵموش ئاماژەی دا بەوەی هەموو ئەو رێ و شوێنانە گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو دووکاندارانەی لە خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵات بەهۆی رووداوەکانی توندوتیژییەوە لەڕووی ئابوورییەوە زیانمەند بوون، قەرەبوو بکرێنەوە و هەنگاوەکان بە وردی هەڵسەنگێنراون و گوتی: "بڕیارەکانمان داوە، سبەینێ بەڕێز سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا بە وردەکارییەکانییەوە رایاندەگەیەنێت. لە زۆر شارۆچکەمان و لە پێش هەموویانەوە لە سوور، ئەو برا دووکاندارانەمان کە لە ناوەندی شارۆچکەکان سەرگەرمی کارکردنن، بەداخەوە بەهۆی هەڵکەندنی خەندەقەوە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە، تەقاندنەوەی بۆمب و بەهۆی ئەوەی لە رێگەی هەڵکەندنی خەندەقەکانەوە فشاریان هێناوەتە سەر هاووڵاتییان، ئەو برا دووکاندارانەمان لەو ژینگەیەدا زیانێکی زۆری داراییان بەرکەوتووە و بەریان دەکەوێت. بۆ رەواندنەوەی ئەم زیانانە هەموو رێ وشوێنێک باسی لێوە کرا. ئەم رێ و شوێنانە لە کورتترین ماوەدا چوارچێوە و کاتی جێبەجێکردنی بۆ دیاری کراوە. بەو شێوەیەش بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی برا دووکاندارەکانمان ژمارەیەک هەنگاو دەنرێت. ئەو هەنگاوانە بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان لە زۆرێک لە بوارەکانی دواکەوتنی قەرزەکانی باج و قەرزەکانی دیکە دەگرێتەوە".
کورتوڵموش سەبارەت بە پرۆسەی پەروەردە لەو ناوچانەی رووداوە توندوتیژەکانی تێدا بەڕێوە دەچێت ئاماژەی بەوە کرد ناچاربوون لە چوار شارۆچکە خوێندن بوەستێنن و گوتی:
"ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە هەر چوار شارۆچکەکە بەهۆی راوەستاندنی خوێندنەوە زیانمەند بوون، بریتییە لە ٨٠ هەزار خوێندکار. ئەمە جگە لەوەی حەوت هەزار و ٥٠٠ مامۆستامان بەهۆی رووداوەکانەوە کاریگەرییان کەوتووەتە سەر. هەر لەبەر ئەوەش ئەو بۆشاییەی کەوتووەتە پرۆسەی خوێندنەوە بێ ئەوەی هەر ساعەتێکی بفەوتێت، خوێندکارەکان قەرەبوو دەکرێنەوە. وەکو دەزانن ساڵانە پیویستە ١٨٠ رۆژ دەوام بکرێت لە پرۆسەی پەروەردەدا. ئەم ١٨٠ رۆژە لە پشووەکاندا و لە کاتەکانی دیکەدا قەرەبوو دەکرێنەوە. وانەی زیادە دەگوترێتەوە، کۆرسی زیادە دەگوترێتەوە. بێ ئەوەی هیچ کەموکوڕییەک لە خوێندنی هیچ رۆڵەیەکماندا یان لە تاقیکردنەوەکانیاندا هەبێت، ئەم پرۆسەیە قەرەبوو دەکرێتەوە".
نومان کورتوڵموش باسی لە دۆخی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە بەهۆی رووداوەکانی توندوتیژییەوە ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و گوتی: "سەبارەت بە وان لە ئێستادا لەلایەن پارێزگە و قایمقامییەتەکانەوە کە پەیوەندیدارن، هاوکاری دەکرێن. سەبارەت بەم هاوکارییانەش ژمارەیەک کارمان ئەنجام داوە. دەمەوێت بەکورتی ئەوە بڵێم، لە هەموو شارۆچکەکان و بەتایبەت لەو ١٢ شارۆچکەیەمان کە بەهۆی رووداوەکانی تێرۆریستییەوە کاریگەری کەوتووەتەسەر، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانمان بەشێوەیەکی زۆر ورد هەموو کارێک ئەنجام دراوە و ئیشەڵڵا قەرەبوو دەکرێنەوە".