شڕناخ
دوای قەبووڵ نەکردنی کاروباری نوژەن کردنەوەی ساڵی ٢٠٠٧ی مەزگەوتی ئولوجامی جزیرە پارێزگاری شڕناخ بڕیاری دا لە چوارچێوەی پرۆژەی ( شاری نوح زیندوو دەبێتەوە)دا مزگەوتەکە دووبارە نوژەن بکرێتەوە.
لە میانەی بەسەر کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە لە لایەن ھەر یەک لە قایمقامی شارۆچکەی جزیرە ( شەنۆل کۆجا) و قایمقامی شارۆچکەی ئیدل (عەلی قایا) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا شەنۆل کۆجا رایگەیاند: مزگەوتی ( ئولو جامی) گەورەترین ئاسەوای جیھانی ئیسلامە بۆیە بڕیار درا یەکەمین ھەنگاوی پرۆژەی ( شاری نوح زیندوو دەبێتەوە) نوژەن کردنەوەی ئەو مزگەوتە بێ.
شەنۆل ئوجا گوتی" لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا ھەر یەک لە مەدرەسەی ئابدالییە، مەدرەسەی سوور و ژمارەیەک زۆر لە ئاسەوارە مێژووییەکان ئەوانەی کە تا ئێستە بایەخیان پێ نەدراوە نوژەن بکرێنەوە.
شەنۆڵ رایگەیاند: ساڵی ٢٠٠٧ مزگەوتی (ئولو جامی) نوژەن کراوە کەچی کاروباری نوژەن کردنەوە باش نەبووە و دیوارەکان دەرزیان تێکەوتووە و لێکۆڵینەوەکانیش لەمبارەیەوە بەردەوامن و دوای نوژەن کردنەوەی ئەو مزگەوتە دەست بە نوژەن کردنەوەی مەدرەسەی ئابدالییە دەکرێ و گوتی" لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١١ زەوییەکانی دەوروبەری مەدرەسە کراون بە مڵکی گشتی و چەندین باڵاخانە رۆخێندران و دواتر پڕۆژەیەک بۆ رێکخستنەوەی ئەو ناوچانە پێشکەش کرا و لە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ئاسەوارە کلتوورییەکانی دیاربەکردایە و لە مانگی داھاتوو دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکرێ.
سەبارەت بە ماوەی پرۆژەکە شەنۆڵ گوتی" مانگی تەمووزی داھاتوو پرۆژەی نوژەن کردنەوە بە کۆتایی دێت و ئەم ئاسەوارانە زۆر گرنگن و پێویستە ئێمە بۆ نەوەکانی داھاتوومان بیانپارێزین.