ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ( رەجەب تەیب ئەردۆغان) رایگەیاند: حەفتەی داھاتوو ناوەڕۆکی پاکێجی دیمۆکراتیزاسیون رادەگەینێ و گوتی: ئەمە دوایین ھەنگاومان نابێ.
ئەردۆغان گوتی" ئەوە ئەڵقەیەکی زنجیرەی کار و چالاکییەکانی ١١ ساڵەی رابردوویە و دوایین ھەنگاو نییە بەڵکو پرۆسە و لاپەڕەیەکی نوێ زۆر گرنگە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ( رەجەب تەیب ئەردۆغان) لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی بەرپرسانی پارتەکەیدا گوتی" دروست کردنی رێگاوبان، جادەکان، نەخۆشخانەکان و پردەکان ئەرکی ئێمە بوو و جێبەجێمان کرد و بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان.
لەبارەی پاکێجی دیمۆکراتیزاسیۆنی تورکیایشەوە گوتی" لە حەفتەی داھاتوو ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەم و ھەر جۆرە شرۆڤە و ھەڵسەنگاندنێکی پێشوەخت لەمبارەیەوە ناڕاست و بێ بنەمایە و ئەم رێفۆرمانە ئەڵقەیەکی زەنجیرەی کارو خەباتی ١١ ساڵەی رابردوویە و ئاکەپە لە بەرنامەی خۆیدا چە بەڵێنێکی دابێ ئەمڕۆ بە ھۆی گونجاوبوونی بارودۆخەکەوە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ دەکا.
ئەرۆدغان رایگەیاند: لە ماوەی ١١ ساڵەی رابردوودا ئاکەپە ھەوڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکاری و ئاستەنگییەکان، سیاسەتی نکۆڵی و ئاسمیلاسیۆن داوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی" ئەو رێفۆرمانە کە ناوی شۆڕشی بێدەنگییان لێکراوە ئەو مافانەی گەلی ئێمەن کە تا ئێستە لێیان بێ بەش بووە و بە دڵ دەڵێم ئەگەر ١١ ساڵ لەمەوبەر کاتێک بوون بە دەسەڵات ھەڵومەرج لەبار بووبایا ئەوا ھەر ئەو کات ئەم رێفۆرمانەمان دەکرد و دیموکراسیەتی تورکیامان بەرەو پێش دەبرد، ئێوە بۆ خۆتان دەزانن کە لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو ئێمە چیمان بە سەرھات و رووبەرووی چی بووینەوە، پارتەکەمان چەندین جار رووبەرووی سکاڵای داخستن بوویەوە، چەندینجار پلانی کوودەتایان لە دژی ئاکەپە ئامادە کرد بەڵام ئێمە بە دڵ و بەگیان لە بەرامبەر ئەو ھەموو پلانگێڕیانە وەستاینەوە و خزمەتمان کرد.
ئەردۆغان گوتی" بەو رێفۆرمانە کە ئەنجامدراون مافە پێشەلکراوەکانی خەڵک دەگەڕێندرێنەوە و حەفتەی داھاتوو ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراسی ئاشکرا دەکەم.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند" ھەندێک کەس ھێشتای دەرەیان نەبینیوە قاچیان ھەڵکردووە و شتی سەرنجڕاکێش بڵاو دەکەنەوە و ئەو لێدوان و ئەو قسانەی سەبارت بە پاکێجی دیمۆکراسی کە ھێشتا ئاشکرا نەکراوە ھیچیان راست نین و دوورن لە راستی و کاتێک کە ئامادەکارییەکان کۆتاییان پێھات رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، دەمەوێ بڵێم کە ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە دەبێتە ھۆکاری رازیبوونی زۆرینەی رای گشتی.
ئەردۆغان باسی پرۆسەی دیمۆکراتیزە کردنی تورکیا کرد و گوتی" ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی دوورودرێژە و ھەمیشە لە خۆ نوێکردنەوە و پێشەوە چووندایە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرای کرد: پاکێجی دیمۆکراتیزاسیون دوایین ھەنگاوی ئاکەپە نییە بۆ بەھێزتر کردن و پێشەوە بردنی دیمۆکراسیەتی تورکیا بەڵکو پرۆسەیەکی نوێ زۆر گرنگە و خزمەتی زۆرباشی وڵات و نەتەوەکەمان دەکا و دەبێ بە ھۆکاری بەھێز کردنی یەکێتی و برایەتی لە تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی کورد و پرسی کوردی کرد و گوتی" لەم وڵاتە ئۆپۆزسیونێک ھەیە کە رەگەزپەرەستی سیاسی کوردی دەکا پێویستە ئێمە ئاگاداری ئەم یارییە بین، سەیری ئەو خزمەتانە بکەین کە ئێوە پێشکەشتان کردوونە، کوا ئەوان چە خزمەتێکیان کردووە؟ لەو ناوچانە کە شارەوانییەکانیان بە دەستی ئەو پارتانەوەیە چە جۆرە خزمەتێک پێشکەش کراوە؟ تەنیا بە ئایدئۆلوژی وشک نە زک تێر دەبێ نە کەس دەتوانێ بگاتە ئاستی ژیانێکی بەختەوەر. ئاکەپە بە ئایدئۆلوژی وشک نایەوێ کەس رازی بکا بەڵکو بە کار و خزمەتەکانی خۆی دەیەوێ خەڵک خۆشبەخت بێ.
ئێمە وەکو ئاکەپە بە ھۆی ناسنامەی ئەتنیکییەوە ھیچ پێکھاتەیەکمان خۆش نەویستووە بەڵکو ئیدەئالی ئاکەپە خۆشتەویستی ھەر ھەمووی مرۆڤەکانە کە لە خوایەوە دروست کراون، جیاوازی ئاکەپە لەگەڵ ئەوانی دیکە ئەمەیە بۆیە دەبێ لە ھەڵبژاردنە ھەرێمییەکاندا لە بەرامبەر ئەوانەی کە دەیانەوێ یەکێتی و برایەتی ئێمە تێک بدەن خاوەن ھەڵوێست بین.