توونجەلی
سەرۆکی ئاکەپەی ناوچەی توونجەلی ( سینان یەرلیقایا) کە حەفتەی رابردوو وازی لە پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) ھێنا و بوو ئەندامی ئاکەپە و کرا بە سەرۆکی ناوچەی توونجەلی ئاکەپە رایگەیاند: لەمڕۆ بەدواوە بە بڕیاری حکومەت ناوی توونجەلی دەگۆڕدرێت و دەبێتەوە دەرسیم و ئەگەر پێویستی بە گۆڕینی یاسایش بکرێ ئەوا پارتی داد و گەشە پێدان ئامادەی گۆڕانکارییە.
سینان یەرلیقایا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی" بە ھۆی ئاشنا بوونم لەگەڵ کێشەکانی توونجەلی و ھەوڵدانەکانم بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە لە لایەن ئاکەپەیەوە پۆستی سەرۆکایەتی ناوچەکەم پێ دراوە.
سینان یەرلیقایا باسی ھۆکاری جیابوونەوەی خۆی لە پارتی گەلی کۆماری ( جەھەپە) کرد و گوتی" پێم وانییە کە ئەو پارتە بەم سیاسەت، بەرنامە، پەیڕەوی ناوخۆیی و بەو عەقڵیەتەی خۆیەوە بتوانێ بگاتە دەەسەڵات، پارتە سیاسییەکان بۆ بگەنە دەسەڵات دادەمەزرێن نە بۆ ھەڵواسینی تابەلا، ئامانجی دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان خزمەت کردنی جەماوەری خۆیان، ئاوەدان کردنەوەی وڵات و بۆژاندنەوەی ئابووری و دابین کردنی بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ ھاووڵاتییان دادەمەزرن و من بە ھۆی ئەم خاڵانەوە وازم لە جەھەپە ھێنا.
لە بارەی گۆڕینی ناوی توونجەلیشەوە قایا گوتی" خاڵێک لە خاڵەکانی پاکێجی دیمۆکراتیزاسیون گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکانی ئەو شوێنانەیە کە ناوەکانیان گۆڕاون و لەم چوارچێوەیەیشدا توونجەلی دەگۆڕدرێ و دەبێتەوە دەرسیم، ئەو ناوە لە ساڵی ١٩٣٥ بە ھۆی پرۆژە یاسایەکەوە لە پەرلەمان گۆڕاوە و کراوە بە توونجەلی و دواتر ناوی دەرسیم وردە وردە قەدەغە کرا بەڵام ئەمڕۆ دووبارە توونجەلی دەگۆڕدرێ و دەکرێ بە دەرسیم.
سینان یەرلیقایا رایگەیاند: لە نێو پاکێجی دیمۆکراتیزاسیونی تورکیادا باسی پرسی عەلەوییەکان و جەمخانەکانیش کراوە و لە چوارچێوەی ئەم پاکێجەدا جەمخانەکان ( شوێنی عیبادەتی عەلەوییەکان) دەبنە خاوەن پێگەیەکی یاسایی و بەمجۆرە عەلەوییەکان دەتوانن بە ئاسانی و بە ئازادی مەراسمە ئاینییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، پیری عەلەوی پەروەردە بکرێ و مووچەی مانگانەیش بۆ پیرەکان دابین بکرێ.